وەزارەتی تەندروستی: 75%ی پێداویستییە پزیشکییەکان دابیندەکرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە ئێستادا، دەتوانین نزیکەی لە 75%ی پێداویستیە پزیشکییەکان پڕبکەینەوە و دەشڵێت “بەغدا بەشەدەرمانی هەرێم وەکو جاران دەنێرێت”.

بەهۆی قەیرانی دارایی و هاتنی ژمارەیەکی زۆری ئاوەرە لە ناوەڕاست و باشوری عێراق بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی تەندروستی هەرێم، کێسەی کەمی پێداویستییە تەندروستییەکانی بۆ دروستبووە. ئەمەش لەکاتێکدایە، کە بەشێکی زۆری بریندارەکانی شەڕی موسڵ لە نەخۆشخانەکانی هەولێر چارەسەر وەردەگرن.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، د.خاڵس قادر، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕکردنەوەی پێداویستییە تەندروستییەکان لە وەزارەتەکەیان رایگەیاند: لە ئێستادا، دەتوانین نزیکەی لە 75%ی پێداویستییە پزیشکییەکان پڕبکەینەوە، بەوەی خۆمان و ئەوەی، کە لە بەغداشەوە بۆماندێت، چونکە ئێستا بەغدا بەشەدەرمانی هەرێم بەگوێرەی بڕیارەکە، وەکو جاران دەنێرێت. هەروەها مانگانە 6ملیار دینار لەلایەن وەزارەتی دارایی هەرێمەوە دابیندەکرێت، بۆ پێداویستییە تەندروستییەکان.

د.خاڵس روونیشیکردەوە و گوتی “بەگوێرەی رێککەوتنەکەیان لەگەڵ وەزارەتی دارای هەرێم، لەو 6 ملیار دینارەی، کە دانراوە، دەبێت 2 ملیار دیناری کاشیان پێبدرێت، بۆ ئەوەی بتوانین دەرمانی و پێداویستی تەندروستی پێبکڕن، ئەوەش بڕیارێکی گرینگە بۆ ئێمە، چونکە پارەمان لەبەردەست دەبێت بۆ کڕینی دەرمان”.

ئەو گوتەبێژەی وەزارەتی تەندروستی راشیگەیاند “دانەوەی قەرزی کۆمپانیاکان لەلایەن وەزارەتی داراییەوە بۆ ئێمە گرینگە، کە مانگانە لە 2%ی قەرزەکانیان دەکات، چونکە لەو دوو ساڵەی رابردوودا، ئەو کۆمپانیا-یانە بە زەحمەت ئیشیان لەگەڵ ئێمە دەکرد”.

هەروەها دەڵێت “پێشنیاری دروستکردنی دامەزراوەی دەرمان، کە رەزامەندی یەکەمی لەسەرە، ئەگەر بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، گرفتی دەرمانمان بۆ چارەسەر دەبێت لە هەرێمی کوردستان”.

ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات، کە لەلایەن بەغداوە پارە نانێردرێت، بەڵکو پێداویستی پزیشکییان بۆ دەنێڕێت، ناردنەکەش بەگوێرەی پێویستی و ئەو بەشەدەرمانەی، کە لایانە دەبێت. 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com