عەزیز ئەحمەد حەمە
رێژەی شیعە، کە بە کەمایەتی دێنە ژمار لە نێو موسوڵماناندا، نزیکەی %15، زۆربەی زۆریان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەژین، بە تایبەت هەردوو وڵاتی ئێران و عێراق، هەروەها لە لوبنان، سوریا، کۆماری ئازەربایجان و بەحرەین، پاش ئەمانەش بە ڕێژەیەکی کەمتر لە پاکستان و ئەفغانستان و هەندێ شوێنی تر هەن.
دەستەواژەی (هیلالی شیعی) بۆ یەکەمجار لەسەر زاری پاشای ئێستای ئۆردن (مەلیک عەبدوڵڵای کوڕی حوسێن) لە ساڵی 2004 هاتە ئاراوە، لەو کاتەوە بەکاردەبرێت لەلایەن سیاسیەکان و خەڵکی تریش، هۆکەیشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە ئێران شێلگیرانە لە هەوڵی ئەوەدایە، کە شیعەی ناوچەکە ببەستێتەوە بەیەکەوە و بیانکاتە کوتلەیەکی جوگرافی و جەماوەریی گەورە و خۆی سەرپەرشتیان بکات، هەتاکو ببنە بەرهەڵستکار و رکابەری وڵاتە سوننەکانی ناوچەکە، لەسەروی هەمووشیانەوە عەرەبستانی سعودی و وڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو.
سەرەتای سەرهەڵدانی بیرۆکەی هیلالی شیعی
دەتوانین بڵێین وەک بیرۆکەیەک سەرەتاکەی بۆ ساڵی 1979 دەگەڕێتەوە کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران توانی رژێمی پاشایەتی ئێران بڕوخێنێ، دواتر ئایەتوڵڵا خومەینی دەستەڵاتی گرتە دەست و حکومەتی ویلایەتی فەقێیان دامەزراند، هەر ئەو دەمانەش بوو، کە دروشمی (هەناردەکردنی شۆڕش – تصدير الثورة)یان بۆ دەرەوەی ئێران بەرز کردەوە، بە تایبەت بۆ وڵاتانی دراوسێ و لەسەرو هەمووشیانەوە بۆ عێراق، لە عێراقیش چونکە زۆرینەی دانیشتوانەکەی شیعەن، زەمینە خۆش و لەباربوو، تەنانەت خومەینی خۆیشی بەر لەوەی جڵەوی حوکم لە ئێران بگرێتە دەست، ماوەیەک ژیانی لە نێوان شیعەکانی عێراق لە شاری نەجەف بەسەربرد.
ئەوەی کە بووە هۆی دواکەوتنی-هەناردەکردنی شۆڕش، ئەوەبوو، کە لە عێراق رژێمێکی بەهێز و دەسەڵات حوکمداری دەکرد، کە هەر لە سەرەتاوە لە دژی ئەم پیلان و بەرنامەیەی ئێران وەستایەوە و نەیهێشت ئێرانییەکان دزە بکەنە ناو عێراق و بەرنامەکانیان جێبەجێ بکەن. جەنگی ئێران و عێراقیش، کە 8 ساڵی خایاند یەکێک لە هۆیەکانی ئەمە بوو، هەر لەگەڵ رووخانی رژێمی سەدام حوسێن، لە ساڵی 2003 بە دەستی ئەمریکا، ئیتر ڕێگا خۆشبوو بۆ ئێران، کە بە خواست و ئارەزوی خۆی پەل بهاوێ بۆ عێراق و لەوێشەوە بۆ وڵاتانی تری ناوچەکە.
هەنگاوی یەکەم عێراق بوو!
پاش ڕووخانی ڕژێمەکەی سەدام، ئیتر مەیدانەکە چۆڵبوو بۆ ئێرانییەکان، کە لە عێراقەوە دەست بکەن بە جێبەجێ کردنی پیلانی خۆیان، بە جۆرێکی وا کە ببنە باڵا دەستو دەستێوەردان لە کاروباری سیاسی ئەو ووڵاتە بکەن و ئەوەی بیانەوێ بیکەن، بە بێ ئەوەی لە بەغدا ڕیگریان لێ بکرێت، ئێستا ئیتر ئێرانییەکان وەک باخچەی پشتەوەی ئێران لە عێراق دەڕوانن!
دەست تێوەردانی ئێران لە کاروباری عێراق، بە کردار و بە گوفتار زۆر بە زەقی و روونی بەدیدەکرێت، لەمبارەیەوە ڕاوێژکاری ڕووحانی سەرۆکی ئێران، عەلی یونسی، دەڵێت ”جوگرافیای ئێران وعێراق هیچ لە یەکتری جیا ناکرێتەوە و هەروەها کەلتوریشمان بەشناکرێت، ئەمڕۆ ئێران بۆتە ئیمپراتۆریەت هەر وەک چۆن لە ڕابردووشدا وابووە، پایتەختی ئەم ئیمپراتۆریەتەشمان ئێستا بەغدایە، کە بۆتە بنکە و چەقی شارستانیمان هەر وەک رابردوو”.
زیاتر لە هۆکارێک هەیە، کە عێراق ببێتە هەنگاوی یەکەم بۆ پیلانەکەی ئێران، بە حوکمی جوگرافیا و هەروەها بە هۆی ئەوەی، کە شیعە زۆرینەی گەلی عێراق پێکدێنن، هەر بۆیەشە بۆ چەسپاندنی (هیلالی شیعی) یەکەمجار بەرەو عێراق هەنگاویان نا، هەروەها لەم ڕووەوە هاوسۆزی شیعەکانی عێراق لەگەڵ ئێران، بۆ جێبەجێکردنی ئەم بەرنامەیە کارئاسانی بۆ کردن.
هەرچەندە زۆربەی مەزار و مەرقەدە پیرۆزەکانی شیعەکان لە ناو خاکی عێراقدان، لەوانەش مەزاری (ئیمام عەلی و کوڕەکانی حەسەن و حوسێن)، بەڵام ئەوەی، کە هەوڵی دروستکردن و چەسپاندنی (هیلالی شیعی) دەدات ئێرانە، نەوەک شیعەکانی عێراق! کە ئەمەش خۆی لە خۆیدا جێگای هەڵوێستە و تێڕامانە، زیاتر لەمەش ئەوەی، کە دیارە تەنانەت شیعەکانی عێراق خۆشیان وەک پاشکۆی ئێرانییەکان دێنە پێش چاو بە جۆرێکی وا، کە زۆربەی کات گوێڕایەڵی ئەو فەرمانانەن، کە لە ئاخوندەکانی قوم و تارانەوە دەردەچێت، تەنانەت (عەلی سیستانی) خۆیشی، کە بە گەورە مەرجەعی شیعەکانی عێراق ناسراوە و لە نەجەف دادەنیشێت بە ڕەگەز ئێرانییە و خەڵکی عێراق نییە.
ئەوەی جێگای سەرسوڕمانێکی گەورەیە ئەوەیە، کە کاربەدەستانی ئێران، چەندین جار بە ئاشکرا لە سەر زمانی گەورە بەرپرسانیان ئەوەیان دووپات کردۆتەوە، کە ئەوان نیازی پەلهاویشتن و پاوانخوازیان لە ناوچەکەدا هەیە! بۆ نمونە لەمبارەیەوە نوێنەری تاران لە پەرلەمانی ئێران ( عەلی ڕەزا زاکانی )، کە کەسێکی نزیکی مەرجەعی باڵا عەلی خامنەئی-یە، لە یەکێک لە گوتارەکانیدا دەڵێت ”هەر سێ پایتەختی عەرەبی بەغدا، دیمەشق و بەیروت، ئەمڕۆ کەوتۆتە ژێر دەستەڵاتمان و بوونەتە بەشێک لە شۆڕشی ئیسلامی ئێرانی. هەروەها پایتەختی چوارەمیش، کە سەنعای یەمەنە، زۆری نەماوە بێتە ڕیزەوە”.
بەکار هێنانی مەزهەبی شیعی وەک ڕووپۆشێک بۆ مەرامێکی تر!
سیاسەتمەدارانی ئێران توانیویانە شیعەکانی وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە بۆ بەرژەوەندی باڵای وڵاتی خۆیان بەکاربێنن، لە بنەڕەتیشدا بە پلەی یەکەم بۆ بەرژەوەندی نەتەوەی فارسە، بەڵگەش زۆرن بۆ ئەمە لێرەدا دووانیان دەخەینە ڕوو، کە زۆر زەق و ئاشکران.
عەرەبە شیعەکانی هەرێمی ئەهواز و خوزستان لە ئێران، ئەگەر چی هەمان مەزهەبی شیعە پەیڕوە دەکەن، بەڵام لە ژێر زەبر و چەوسانەوەی نەتەوەیی حکومەتی تاران دەناڵێنن، لە باروخی زۆر خراپ ژیان بەسەر دەبەن و زۆر بە توندی دەچەوسێنرێنەوە.
بەڵگەیەکی تر لە دەیان ساڵی ڕابردوودا، ئێران پاڵپشتی لە کۆماری ئەرمینیای مەسیحی کرد، لە شەڕ و ناکۆکییەکانی لە دژی کۆماری ئازەربایجانی شیعی، چونکە بە بڕوای تاران هەر سەرکەوتن و پێشکەوتنێکی کۆماری ئازەربایجان بە زەرەر و زیانی ئێران تەواو دەبێت. لەبەر ئەوەی، کە ئەمە وا دەکات ڕۆحی میللی و نەتەوەیی ملیۆنان ئازەری ناو ئێران زیاتر تەشەنە بکات و بیری سەربەخۆیی لە نێویان پەرە بستێنێ، لە بیریشمان نەچێت، ئازەرییەکانی باکوری ئێرانیش خاوەنی کۆمارێکی سەربەخۆ بوون، کە پایتەخەکەی تەورێز بوو، کە تەنیا ساڵێکی خایاند لە ( نۆڤەمبەری 1945 تاکو نۆڤەمبەری 1946 )، پاشتر ئەویش بە دەردی کۆماری کوردستان لە مهاباد چوو. هەر بۆیەشە ئەم بەڵگانە و هی تریش هەن، کە دڵنیامان دەکەنەوە، فارسەکانی ئێران، مەزهەبی شیعە تەنها بۆ مەبەست و مەرامی پاراستنی نەتەوەی خۆیان و پەرەپێدانی دەستەڵاتی خۆیان لە ناوچەکە بەکار دێنن.
پەلهاویشتن بۆ وڵاتانی تر:
ئێران ئێستا لە هەوڵی ئەوەدایە، کە لە عێراقەوە خۆی بگەێنێتە وڵاتانی تری وەک سوریا و لوبنان، لە مبارەیەشەوە پێویستی بەوەیە رێگایەکی زەمینی بۆ خۆی بکاتەوە، کە لەناو خاکی عێراقەوە بەرەو ڕۆخی دەریای سپی ناوەڕاست درێژ بێتەوە، تاکو دەستی یارمەتی بۆ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدی عەلەوی هاوپەیمانی درێژ بکات، کە لە شەڕدایە دژی چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئیسلامی سوننەی ئەو وڵاتە، هەروەها بتوانێت هەر سێ وڵاتی (ئێران، عێراق و سوریا ) دواتریش لوبنان ببەستێت بە یەکترەوە، لەم بارەیەوە ئێران گەشتۆتە ئەو باوەڕەی، کە ڕەتکردنی ڕێگایەکی وا بە ناوچە سوننەکانی خۆرئاوای عێراقدا مەحاڵە، هەر بۆیەش بیری لە ڕێگایەکی تر کردەوە.
ڕۆڵی پەکەکە و یەپەگە لە بەرنامەکەی ئێراندا چییە؟
ئەو ڕووداوانەی ئەم چەند مانگەی دوایی، کە لە دەورووبەری شارۆچکەی شەنگال نزیک سنوری سوریا ڕوویاندا ڕێکەوت نەبوون، بەڵکو پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەم پیلانەی ئێرانەوە هەبوو، لەوێ چەکدارانی ( یەکینەکانی پاراستنی گەل )، کە سەر بە حزبەکەی ساڵح موسلیمن و ئەویش خۆی سەر بە پەکەکەیە، لە گەڵ هێزەکانی پێشمەرگە بە شەڕهاتن و قوربانی لێکەوتەوە. ئەمەش بۆ ئەوەی، کە تەنیا خۆیان لەوێ باڵادەست بن و بتوانن ڕێگایەکی ئەمین بۆ ئێرانییەکان دابین بکەن، کە لەو دیو سنور لە ڕێگای ناوچەکانی ژێر کۆنتڕۆڵی ئەوانەوە خۆیان بگەیەننە ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد و کۆمەک و یارمەتی بۆ بنێرن، وەک دەشزانرێت، کە ساڵح موسلیم و حزبەکەی پەیوەندییەکی باشیان لەگەڵ ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد هەیە، لەمبارەیەوە (ڕۆژنامەی گاردیانی بەریتانی ) ڕاپۆرتێکی دوور و درێژی بڵاوکردۆتەوە، کە تیایدا باس لەوە دەکات، کە “ئێران دەیەوێت لە ناو عێراقدا پیلانێک جێبەجێ بکات، کە تەمەنی 30 ساڵ دەبێت، ئەمەش لە ڕێگای چەکدارانی یەپەگە و هەروەها میلیشیا شیعەکانی عێراق”. دەربارەی یارمەتیدانی سەرکردایەتی پەکەکەش لە چیای قەندیل، بۆ ئێران و سیاسەتەکانی ئەو وڵاتە، پێویستە بگوترێت ئێستا باڵێکی عەلەوی بە سەرکێشی (جەمیل بایک) دەستەڵاتی ئەو حزبەی گرتۆتە دەست، کە درێغی ناکات لە یارمەتیدان و کۆمەک کردنی ئێران.
وەزیری ڕۆشنبیری پێشووی وڵاتی ئەردەن ( ساڵح قەللاب) هەر دەربارەی ئەم باسە لە ڤیدیۆیەکدا، کە لەسەر یۆتۆبیش بڵاوی کردۆتەوە، باس لە ڕق و کینەی ئێرانییەکان بەرانبەر مەسعود بارزانی، دەکات و دەڵێت “سیاسەتمەدارانی ئێران ڕقیان لە بارزانی هەڵگرتووە، هۆیەکەشی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە سەرۆک بارزانی، داوای ئێرانییەکانی ڕەتکردەوە کاتێک، کە گوتیان ڕێگەمان پێ بدە لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕێگایەکی زەمینی بکەیەنەوە بەرەو سوریا، بۆ یارمەتیدانی ڕژێمی بەعسی سوریا”.
تێروانینی ئێران بۆ ناوچەکە:
بۆ ئەوەی بیرو ڕای ئێرانییەکان دەربارەی ڕووداوەکان و گەلانی ناوچەکە بزانین و سیاسەتی ئەوان هەڵبسەنگێنین، دەبێت سەیری تێڕوانینی ئەوان دەربارەی عەلەوییەکانی سوریا و حوسیەکانی یەمەن بکەین، ئەم دوو جۆرە مەزهەبە، ئەگەر چی لە بنەڕەتدا شیعەی تەواو نین، بەڵام ئێران وەک هاوپەیمانی خۆی لێیان دەڕوانێت، چونکە کێشە و شەڕیان لەگەڵ سوننەدا هەیە و لە بەرەی دژە سوننەن، هەر بۆیەش ئێران وەک دۆستی نزیکی خۆی سەیریان دەکات و کۆمەک و هاریکاریشیان پێ دەگەێنێت، لەبەرامبەردا ئەوانیش بە هەمان شێوە وە ک پاڵپشت و هاوپەیمانێک لە ئێران دەڕوانن، چونکە دوژمنێکی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە.
وڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو لە ژێر هەڕەشەی ئێراندان:
سەربارەت بە وڵاتە عەرەبیەکانی کەنداو، لەوە تێگەشتوون، کە ئێران هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەریان، هەر لەبەر ئەمەش گەورە بەرپرسانی عەرەب لە کەنداو چەندین جار گوتوویانە “هەڕەشەی ئێران بۆ سەر وڵاتانی عەرەبی کەنداو، گەورە تر و مەترسیدارترە لە هەڕەشەی ئیسرائیل بۆ سەر عەرەب”.
ئەم ترسەی ئەمانیش لە خوڕاو بی هۆ نییە، زۆر جار بەرپرسە باڵاکانی ئێران بە ئاشکرا هەڕەشەی توندیان لە وڵاتانی عەرەبی کەنداو، بە تایبەت سعودیە و ئیمارات کردووە، تەنانەت هەڕەشەی وەشاندنی گورزی سەربازیش! هەر بۆ نمونە لەمبارەیەوە ( لیوا فیروز ئابادی ) ڕاوێژکاری سەربازی تایبەت بە مەرجەعی یەکەمی ئێران عەلی خامنەیی دەڵێت ”ئەگەر بێت و ئارام و سەبری ئێمە تەواو بێت، ئەوا عەرەبستانی سعودیە لەسەر نەخشە دەسڕینەوە”. هەروەها فیروز ئابادی، دانی بەوەشدا نا، کە ”ئێران ڕاهێنانی سەربازی بە گروپە چەکدارەکان دەکات و ڕاوێژو کۆمەکیان پێشکەش دەکات”. گوتیشی ”دەبێت گەلانی ناوچەکە خۆیان بەهێزتر بکەن لە ناوەوە، لە کۆتایشدا دوا گوتە بۆ ئێرانە لە ناوچەکەدا”.
سەرئەنجام
* ئێران مەزهەبی شیعە وەک ڕووپۆشێک بەکاردێنێت، بۆ پەلهاویشتن و پاوانخوازی لە ناوچەکەدا.
* سیاسەتمەدارانی ئێران هەوڵ دەدەن سوود لە هەموو کەس و لایەنێک وەربگرن، کە ئامادە بێت یارمەتیان بدات بۆ جێبەجێکردنی پیلان و بەرنامەکانیان، لەوانەش عەلەوییەکانی سوریا، شیعەکانی لوبنان، حوسیەکانی یەمەن، گروپ و چەکدارەکانی سەر بە پەکەکە، هەندێک لە کوردە فەیلیەکانی ناو عێراق.
* ئێران ئامادەیە بودجەیەکی زەبەلاح بۆ بە جێ گەیاندنی ئەم بەرنامەیەی خۆی خەرج بکات.
* لە ڕوانگەی ئێرانییەکانەوە وڵاتی عێراق، بەردی بناغەی ئەم نەخشە و پیلانەیە و سەرکەوتنیان لە عێراق، واتە بەجێ گەیاندنی گەورەترین هەنگاوی پیلانەکەیان.
* ئەگەر بێت و بەربەستێکی راستەقینە نەبێت، بەرانبەر ئەم نەخشە و پیلانەی ئەوان، ئەوا ئێران سوورە لەسەر پەلهاویشتن و پاوانخوازی بۆ وڵاتانی ناوچەکە و دەبێتە هەڕەشەیەکی جددی بۆ زۆر لایەن.