
پارتی بۆ حزبی کۆمۆنیست: سەردەمی چەواشە بەسەرچوو، دەبێت لەدادگا بیسەلمێنن
نوچەنێت
دوای ئەوەی لەبەیاننامەیەکدا حزبی کۆمۆنسیت خۆپیشاندانەکەی هەولێری بە سیناریۆی پارتی ناوبرد، سەرچاوەیەک لەپارتی بە نوچەنێتی راگەیاند، حزبی کۆمۆنیست زۆریان دەوێ تا لە واقیعی کوردستان تێدەگەن، نازانن سەردەمی چەواشە بەسەرچووە، دەبێت ئەو قسانە لە دادگا بسلەمێنن، دەشڵێت، “گروپی کۆمۆنیست لەسەردەمی نائارامی دروستبوون بۆیە دەست بە نائارامییەوە دەگرن”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت لەسەرکردایەتی پارتی، لەبارەی بەیاننامەکەی حزبی کۆمۆنیستەوە دەڵێت”گروپی کۆمۆنیست، کاتێک لەکوردستان دروست بوون سەردەمی شەڕی ناوخۆبوو، ئەوان لەو فەراغەی کەشەڕدروستیکردبوو، خۆیان راگەیاند، لەسەردەمی نا ئارامیدا دروست بوون، بۆیە هەمیشە دەیانەوێ دەست بە نائارامییەوە بگرن، چونکە کێڵگەی دروستبونی ئەوانە و هەر لەو زەمینەیەشدا گەشەدەکەن، ئەم بەیاننامەیەشیان دیسان بەهەمان نەفەس نوسیووە، بەڵام دەبێت لەدادگا وەڵامی ئەوە بدەنەوە، بەکام بەڵگە ئەوە پارتییە هێرش دەکاتە سەر ئەمنیەتی خەڵک و سەر بەرهەمی خوێنی شەهیدان کە پەڕلەمانەو سەر سامان و ماڵی خەڵک”.
هەر لەبارەی بەیاننامەکەی حزبی کۆمۆنیست سەرچاوەکەی نوچەنێت، دەڵێت”گروپی کۆمۆنیستی فێربوون هەرشتێک روویدا بەباش یان بەخراپ، ئەوان بەیاننامەیەکی چەواشەکارانە بنوسن، بەڵام ئەبێ بزانن ئەوە تێنەگەشتنی ئەوانە لە واقیعی ئەمرۆی کوردستان، زۆریان دەوێ تا تێدەگەن، کە ئەولەویەتی ئەمرۆی حکومەتی کوردستان کارکردنە بۆ سەروەری یاسا، ئەوەی ئەوانیش وتویانە کۆمەڵێک تۆمەتی نایاساییە، کە دەبێت لەبەردەم دادگا بسەلمێنرێت، بەڵام پێم وانییە جیا لەکاری یاسایی پارتی وەڵامی گروپی کۆمۆنیست بداتەوە، چونکە ئەوان تۆمەتی نایاساییان باسکردووە، کەیسی سەردەشت عوسمان لەدادگایە، پارتی پیویستی بەوە نییە ئەوە لەبیری خەڵک بباتەوە، هەموو بیرمانە ماوەیەکی نزیک لەمەوبەر بوو دیسان ئەو کەیسە جوڵێنرا لە دادگا، کەوایە بۆ خۆمانی لێ بشارینەوە یان لەبیری خەڵکی ببەینەوە، با ئەم باسە بمێنێت بۆ دادگا، دەبێت لەبەردەم دادگا وەڵام بدەنەوە”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت کەچەند جارێک لەجێی حزب ناوی گروپی بۆ حزبی کۆمۆنیست بەکار هێنا، هۆکارەکەی بۆ ئەوە گێڕایەوە”حزب بریتییە کە قەوارەیەکی گەورە، یان رێکخستنێکی فرەوان، بچوکتر لەو کە کۆمەڵە کەسێک پێکەوە کار بکەن، باشترە ناوی گروپی لێ بنێرێت، ئەو گروپەش، دوای ئینتیخابات دەزانن قورسیەتیان چەندە”.
هۆکاری ئەو بەیاننامەی حزبی کۆمۆنیستیشی واباسکرد” ئەگەر بەزمانی ئەوان قسە بکەم ئەوە ناهەقیان نییە تۆمەت دەبەخشنەوە، چونکە ئەوان لەسەردەمێک لەکوردستان کاریان دەکرد، کە یاسا سەروەر نەبوو، وڵات لە قۆناغی شەڕدا بوو، بۆیە ئەوان بەئارەزووی خۆیان کاریانکردووە قسەیان کردووە، بەڵام ئەگەر بەزمانی ئەمرۆی کوردستان بدوێین، وەک وتم ئەوانە تۆمەتی غەیرە یاسایین پێویستیان بەبەڵگەیە، و دەبێت بەبەڵگە ئەمە بسەلمێنن”.
سەرچاوەکەی نوچەنێت، لەوەڵامی ئەوەی کە ئایا ئەوە رای رەسمی حزبەکەیەتی وتی”من سەرکردایەتی حزبم، دیارە راکانم دەبێت نزیک لەرای رەسمی حزب بێت، پارتی لەمێژە بریاری داوە نەچێتە ناو چوارچێوەی ئەو هەموو حەملە چەواشەکارییەی لەدژی دەکرێت، بەڵکو مەسەلەکان بۆ یاسا جێ دەهێڵێت، ئەمەش هەروا دەبێت”.
نوچەنێت بۆ بەرەسمی وەرگرتنی هەڵوێستی پارتی، چەندین جار پەیوەندی بە وتەبێژی رەسمی پارتییەوە کرد، بەڵام ژمارەکەی بەردەست نەبوو.
بۆ خوێندنەوەی بەیاننامەکەی حزبی کۆمۆنیست کلیک بکە …