نوچەنێت
بە ئامادەبوونى کەسوکاری شەهیدانى ئەنفال ئەمڕۆ 14ی ئەپریل یادی 29 ساڵەی ئەنفال لە گەرمیان بەڕێوەدەچێت، ساڵی 1988 حکومەتی بەعس بە هەشت قۆناغ شاڵاوێکی ئەنفالکردنی خەڵکی باشووری کوردستانی ئەنجامدا و تێیدا 182 هەزار کەس بێسەر و شوێنکران و نزیکەی پێنج هەزار گوندیش خاپوور کران. بریارە ئەمڕۆ لە مەراسیمەکەدا چەند چالاکییەک ئەنجامبدرێت و سەرجەم بەرپرسانى حکومى و حزبی لە سەر ئاستى باڵا بانگهێشتکراون.
ئەمڕۆ هەینی 14-4-2016 رێوڕەسمی یادکردنەوەی ئەنفال، لە گەرمیان بە ئامادەبوونی بەرپرسانی حکومی و پەرلەمانتار و بەرپرسانی حیزبی بەڕێوەدەچێت. رێوڕەسمەکە لە پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستی بە کارەکانی کرد و تاوەکو کاژێر 18:00 بەردەوام دەبێت. بەشێک لە بەرپرسانی حکومی، پەرلەمانتاران و کەسوکاری ئەنفال ئامادەی رێوڕەسمەکەن”.
رێوڕەسمەکە تا کاتژمێر 12:00 بەردەوام دەبێت و دواتر پشوویەک دەدرێت ، لەکاتژمێر 13:30 خولەک بە شێوازێکی دیکە دەستپیدەکاتەوە و پێشانگایەک دەکرێتەوە و چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن”.
شاڵاوەکانی ئەنفال کە لەنێوان 18ی شوباتى ساڵى 1988 تا 6ی ئەیلولى هەمان ساڵ بەردەوام بوو، ژمارەیەکى زۆر لە هاوڵاتیانى مەدەنى کورد بوونە قوربانى، بەپێى بەرنامەیەکى رێکخراوى حزبى بەعس ئەنجامدرا و لە هەشت قۆناغدا جێبەجێکرا بەم شێوەیە:
قۆناغی یەکەم:
رۆژی 18ی شوباتی 1988 دەستیپێکرد و ماوەی مانگێکی خایاند، لە نۆ قۆڵەوە هێرشکرایە سەرگوندەکانی دۆڵی جافایەتی، گوندەکانی سنووری قەزا و ناحیەکانی دوکان، بنگرد، چوارتا و قەڵاچوالان و سەرچنار سورداش. نزیکەی 150 گوند لەم قۆناغەدا بەر شاڵاوەکە کەوتن.
قۆناغی یەکی ئەنفال لەلایەن سوڵتان هاشم ئەحمەد، سەرکردایەتی کرا و 20 لیوای سوپای عێراق و 30 فەوجی سەر بە پاسەوانی کۆمار و 70 فەوجی خۆفرۆشی کورد بەشداریان لە شاڵاوەکەدا کرد.
قۆناغی دووەمی ئەنفال:
ئەم قۆناغە رۆژی 22ی ئازاری 1988 دەستیپێکرد و لە حەوت قۆڵەوە هێرشکرایە سەر ناوچەکانی قەرەداغ، سەنگاو ، بازیان، عەربەت، زەڕایەن و نەسر و دەربەندیخان. فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکەش ئەیاد خەلیل زەکی، فەرماندەی هێزەکانی بەرگری نیشتمانی عێراق بوو.
لەم شاڵاوەی ئەنفالدا لە ناوچەی سێوسێنان چەکی کیمیایی بەکارهات و زۆربەی گوندەکانی ئەو ناوچانەی بەر شاڵاوەکە کەوتن وێرانبوون. هەروەها جگە لە لیوا و تیپەکانی سوپای عێراق، 77 فەوجی خۆفرۆشی کورد، بەشداری شاڵاوەکەیان کرد و رۆژی دووی نیسان کۆتایی بە قۆناغەکە هات.
قۆناغی سێی ئەنفاڵ:
کە بە ئەنفالی گەرمیان یان ئەنفالى ڕەش ناسراوە و قورسترین قۆناغی ئەنفال بوو، رۆژی 7ی نیسان دەستیپێکرد و هەموو ناوچەکانی چەمچەماڵ، سەنگاو، کفری، کەلار، قادر کەرەم، دوز، پێباز و تیلەکۆ و لەیلانی گرتەوە و زیاتر لە 500 گوند و چوار ناحیە وێرانبوون.
پرۆسەی ئەنفال لە 14ی نیسانی 1988 گەیشتە لوتکە و تەنها لەو رۆژدا بەپێی خەمڵاندنی کۆمیتەی بەرگریکردن لە مافی قوربانیانی ئەنفال، رژێمى بەعس نزیکەی 20 ھەزار لە ژن و پیاو و پیرو پەککەوتەی لە هەردوو گوندی کوڵەجۆ و ملە سوورەى گەرمیان کۆکردەوە، دواتر بە ئیڤای سەربازی و تراکتۆری گوندنشینەکان رەوانەی قەڵا سەربازیەکەی ناحیەی قۆرەتوو کران.
قۆناغی چواری ئەنفال:
لە رۆژی 3ی ئایاری 1988 دەستیپێکرد و تا 8ی ئایاری خایاند، گوندەکانی ناوچەکانی کەرکوک، پردێ، تەقتەق، شوان، تەکیە، کۆیە، شێخ بزێنی، ئاغجەلەر، دێگەڵە و دەشتی هەولێری گرتەوە.
لەم قۆناغەدا گۆپتەپە، عەسکەر، مەیلە، سەرچما، شێخان، کەڵەشێر، چەمی رێزان کیمیاباران کران، جگە لە سوپای عێراق 55 فەوجی خۆفرۆشی کورد، بەشداریان لە شاڵاوەکەدا کردووە و هێرشەکانیش لە هەشت قۆڵەوە ئەنجامدراون.
قۆناغەکانی پێنج و شەش و حەوت
ئەم سێ قۆناغە لە رۆژی 15ی ئایاری 1988 دەستی پێکردووە و زیاتر لە سێ مانگی خایاندووە.
لەم سێ قۆناغەدا ناوچەکانی پردێی هەولێر، مەسیف، شەقڵاوە، هیران، دۆڵی نازەنین، حەریر، خەلیفان، دۆڵی خۆشناوەتی، رواندز، سۆران، دۆڵی وەرتێ، دۆڵی خانەقا، چۆمان، هیزۆپ، چوارقوڕنە، رانیە و قەڵادزێ و چیای قەندیل بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن.
ئەم قۆناغە، لەلایەن عەدنان خەیروڵڵا، وەزیری بەرگری و عەلی حەسەن مەجید و نزار خەزرەجییەوە سەرپەرشتی کراوە و جگە لە هێزەکانی سوپای عێراق 45 فەوجی خۆفرۆشی کورد بەشداریان تێدا کردووە.
قۆناغی هەشتى ئەنفال:
کە دواین قۆناغی ئەنفال بوو، رۆژی 26ی ئابی 1988 لە ناوچەی بادینان دەستیپێکرد و تا 6ی ئایلول بەردەوام بوو، ئەم قۆناغە ناوچەکانی ئامێدی، ئەتروش، ئیمینکی، باتوفە، زاخۆ، زاوێتە، زێوە، دێرەلۆک و کانی ماسی گرتەوە.