خوێندنی باڵا: ئەوەی خوازیارە لە دەروەی وڵات بخوێنێت سەردانمان بکات

0

نوچەنێت: تایبەت

گوتەبێژی وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێم رایدەگەیەنێت، ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا بەناوى وەزارەت پارە لە خەڵکى وەردەگرن لەبەرامبەر هێنانى قبوڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوە و دەشڵێت “ئەو کەس و کۆمپانیا-یانە پەیوەندییان بە وەزارەتەکەمانەوە نییە”.

ساڵانە خوێندکارانی هەرێمی کوردستان، بەمەبەستی درێژەدان بەخوێندن روودەکەن وڵاتانی دەرەوە ،بەپێی رێنماییەکانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان، ئەو زانکۆیەی، کە خوێندکار تێیدا دەخوێنێت، دەبێت لە لیستی ئەو زانکۆیانەدا بێت، کە لەلایەن وەزارەتەوە دانی پێدانراوە، بۆ ئەوەی بڕوانامەکەی لەلایەن وەزارەتەوە قبووڵ بکرێت.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ماوەیەکە ژمارەیەک کەس و کۆمپانیا، بە رێگەى جیا لە نێو فێرخوازان و ناوەندەکانى خوێندن، سەرنجى فێرخوازان بۆ خۆیان رادەکێشن و پارە لە خەڵکى وەردەگرن، لەبەرامبەر هێنانى قبووڵى زانکۆیى لە زانکۆکانى دەرەوەى هەرێمى کوردستان و واش لە خەڵکى دەگەێنن، کە نوێنەرایەتى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى دەکەن.

عەباس ئەکرەم، سەرجەم خوێندکارانیش ئاگادار دەکاتەوە، کە بە قسەى ئەو کەس و لایەن و کۆمپانیا-یانە فریو نەخۆن، چونکە دوور و نزیک هیچ جۆرە پەیوەندییەکیان بە وەزارەتەکەمانەوە نییە و بە هیچ جۆرێکیش بەرپرسیار نین بەرامبەر بەقسە و بەڵێنەکانیان.

گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا ئاماژە بەوە دەدات، کە وەزارەتەکەیان رێوشوێنى رەوانەکردنى خوێندکاران بۆ دەرەوەى وڵات بەپێی رێنماییەکان رێکخستووە.

هەروەها گوتیشی “هەر خوازیارێک ئەخوازێت لە زانکۆکانى دەرەوەى وڵات لەسەر خەرجى تایبەتى خۆیان درێژە بەخوێندن بدات، دەتوانێت سەردانى فەرمانگەى نێردراوان و پەیوەندییە رۆشنبیرییەکان بکات، یان سەردانى وێبسایتى وەزارەت بکات، بۆ زانینى لیستى زانکۆی باوەڕپێکراو لە هەرێمى کوردستان و چۆنیەتى کردنەوەى دۆسیەى تایبەت لە بەڕێوەبەرایەتى نێردراوان”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com