‌بارزانی و شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌

0

نوچەنێت
له‌ دیدارێكی بارزانی و شاندێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا تاوتوێی شه‌ڕی موسڵ و بارودۆخی عێراق و به‌رده‌وامی هاوكارییه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، بۆ هه‌رێمی كوردستان و هێزی پێشمه‌رگه‌ كرا. 

ماڵپه‌ری سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، کە رۆژی چوارشەممە 12-4- 2017، لە سەلاحەدین مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە شاندێكی باڵای وەزارەتی دەرەوەی به‌ریتانیا كرد كە پێكهاتبوو لە تۆبیاس ئیڵ وۆد وەزیری دەوڵەت بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باكووری ئەفریقیا له وەزارەتی دەرەوەی به‌ریتانیا و فرانك بەیكەر باڵیۆزی به‌ریتانیا لە عێراق و چەند راوێژكارێكی وەزارەتی دەرەوەی به‌ریتانیا.

هه‌روه‌ك هاتووه‌: لە دیدارەكەدا شاندی میوان سڵاوی سەرۆكوەزیرانی به‌ریتانیای بە بارزانی گەیاند. هەروەها رۆشناییان خستەسەر بڕیار و راسپاردەكانی لیژنەی ئاساییشی به‌ریتانیا، كە جەخت لە هەڵوەستەكردن لەسەر بارودۆخی عێراق و پشتیوانیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان دەكاتەوە، وەك هێزێكی كاریگەری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. 

هەروەها شاندی میوان پێزانینی بۆ قوربانیدان و قارەمانێتی پێشمەرگە و ئاستی هەماهەنگی نێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراق هەبوو لە شەڕی تیرۆرستانی داعش و ئازادكردنی موسڵ.

لەو كۆبوونەوەیەدا، بە وردی نیگەرانییەكانی هەردوولا لەبارەی قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ خرایە بەر باس و گفتوگۆ و ئەوەیش دووپات كرایەوە، كە لە قۆناغی دوای ئازادكردنی موسڵ پێویستە بەڕێوەبردن و پاراستنی ئەو شارە رەنگدانەوەی ویستی خەڵك و پێكهاتە نەتەوەیی و ئایینییەكانی پارێزگای نەینەوا بێت. 

هەروەها لەو قۆناغەدا هەماهەنگی لەنێوان حكوومەتی هەرێم و بەغدا و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا هەبێت و پەیوەست بەم باسەوە پێشنیار و رێگەچارەكان تاوتوێ كران.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com