پارتی: بۆ گشتپرسی پێویست ناکات گۆڕان گومانی لە نیەتی پارتی و یەکێتی هەبێت

0

نەوزاد علی چوچانی

ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، پێویست ناکات بزووتنەوەی گۆڕان ترس و گومانی هەبێت، لەنیەتی پارتی و یەکێتی بۆ گشتپرسی و پەرلەمانتارێکی یەکێتیش دەڵێت “ناکرێت هەر هەنگاوێك، بنرێت هەمووی بەگومانەوە سەیر بکرێت”.

پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق، لەئێستادا پرسیكی گەرمی لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستانە، بزووتنەوەی گۆڕانیش گومانی خراپ و پێشوەخت لە پرۆسەكە دەكەن و بە موزایەدە و ناجدی وەسفی دەكەن، هاوکات شۆڕش حاجی، گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان لە دیدارێکی لە هەفتەنامەی رووداو رایگەیاندبوو” ئەوان دژی گشتپرسی نین، بەڵام گومانیان لە نیەتی پارتی و یەكێتی هەیە”.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شوان شێخ ئەحمەد، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەبارەی گومانی گۆڕان لە پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی رایگەیاند: پارتی و یەکێتی جددین لە سەر بابەتی گشتپرسی و چیدیکە پێویست ناکات ئەو بابەتە دوابخرێت، نیەتێکی باشیش هەیە، بۆیە پێویست ناکات گۆڕان ترس و گومانی هەبێت. پارتی چەندین جار دەستپێشخەری کردووە، بۆ ئەوەی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان ئەم بارودۆخە چارەسەر بکرێت و بابەتی گشتپرسیش یەکلای بکرێتەوە، بەڵام کێشەکان بە بنبەست گەیشتبوون.

شوان شێخ ئەحمەد، ئاماژە بەوە دەدات، کە ئامانج لە پێکهێنانی شاندە هاوبەشەکەی پارتی و یەکێتی، هەروەها سەردانی حزب و لایەنە سیاسییەکان بۆ ئەوەیە، کە خۆئامادە کردنێك هەبێت بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی، بۆ ئەوەی رۆژێك دیاری بکرێت بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە لەسەرتاسەری کوردستان.

پەرلەمانتارەکەی پارتی جەختییشی کردەوە و گوتی “دەبێت هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان، بە بزووتنەوەی گۆڕانیشەوە بەیەکەوە هاو کار بین، بۆ سەرخستنی ئەم پرسە، لەبەر ئەوەی پرسێکی نیشتمانییە”.

لەلایەکی دیکەوە، خەڵەف ئەحمەد شاتوانی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی یەکێتی، لەبارەی گومانەکانی گۆڕان، بە نوچەنێت-ی گوت “ناکرێت هەر هەنگاوێك، کە بنرێت هەمووی بەگومانەوە سەیر بکرێت، ئینجا لێیگەڕێین دۆخەکە بەرەو کوێ دەچێت بابچێت، خۆدەبێت ئەو دۆخە هەنگاوی تێدابنرێت و ئیشی لەسەر بکرێت، ئەم هەنگاوانەش هەموویان قابیلی گفتوگۆن، هەموو حزب و لایەنە سیاسییەکانی باشوری کوردستان، پێکەوە خاوەنی گشتپرسین، بۆیە هیچ حزبێك یان دوو حزب بەتەنها نابێت ببێتە خاوەنی پرۆسەکە، بڕواشم وایە گشتپرسی بەبێ بوونی یاسایەك نابێت”.  

خەڵەف ئەحمەد، لەبارەی کێشەکانی نێوان پارتی و گۆڕان، بە پێویستی دەزانێت. کە پەلە بکرێت لە چارەسەرکردنی و دەڵێت “ئەم کێشانە کاریگەری لەسەر کۆی پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان و دانوستانەکان هەیە، بۆیە ناکرێت هەر لە دوورەوە پارتی و گۆڕان قسە بکەن و لە نزیکەوە بیروڕا ئاڵو گۆڕنەکەن”.

ئەو ئەندام پەرلەمانەی یەکێتی تیشکی خستەسەر گرینگی پەیوەندی حزبەکەی لەگەڵ پارتی و گوتی ” تا چەند لەیەکەوە نزیك بن، ئەوەندە دەروازەیەك دەبێت بۆ ئەوەی، کۆی کێشەکان بەیەکەوە کێشەی پارتی و یەکێتیش گفتوگۆی لەسەر بکرێت،  ئەگەر پەیوەندی پارتی و یەکێتی خراپ بێت، ئەی کێهەوڵ بدات بۆ ئەوەی گۆڕان و پارتی لێك نزیك ببنەوە و کێشەکان چارەسەر بکرێن”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com