نوچەنێت
لە دوای کۆبوونەوەی باڵای پارتی و یەکێتی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی رایدەگەیەنێت، بۆ ریفراندۆم مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرن. مەلا بەختیاریش بەپێویستی دەزانێ گۆڕانیش بەشداری بكات و دەڵێت “یەكەم لایەن دەبن پەیوەندییان پێوە بكەن”.
كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بەئامادەبوونی مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر كۆتاییهات. دوای كۆبوونەوەكەش فازڵ میرانی و مەلا بەختیار كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشیان ئەنجامدا.
فازڵ میرانی، سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی لە كۆنگرەكەدا رایگەیاند: بۆ گشتپرسی مۆڵەت لە هیچ كەس و لایەنێك وەرناگرین، جگە لە میللەتی خۆمان نەبێت. دەشڵێت، راوێژ و گفتوگۆ لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەکەین، بەڵام ئەگەر هەندێك لایەنیش هەماهەنگیمان لەگەڵ نەكەن، پەشیمانیش نابینەوە و هەنگاوەكان هەر دەنێین.
هاوكات مەلا بەختیار ئاماژەی بەوەدا، كە تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە چۆنییەتی و کاری یاسایی گشتپرسی بووە. لەبارەی ئەنجامی سەردانی شاندەكەش بۆ بەغدا مەلا بەختیار رایگەیاند، كە کۆبوونەوەی سەرکەوتوویان ئەنجامداون. هاوکات میرانی گوتی، بە بەغدامان راگەیاند، کە ئەوان کوردیان ناچارکردووە پەنا بۆ گشتپرسی ببات.
لە بارەی پرسی ئاساییكردنەوەی پەیوەندییەكانی پارتی و گۆڕان، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسی یەكێتی گوتی، لە كۆبوونەوەكەدا قسەیان لەسەر ئەو پرسە كردووە و لێکدانەوە و بۆچوونی خۆیان لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان خستووەتەڕوو. گوتیشی، بەلایەنی كەمەوە كۆمیتەكە لە حەوت حزب پێكدێت، بزووتنەوەی گۆڕانیش یەكەم لایەن دەبێت پەیوەندی پێوە بكەن. بەپێویست و گرنگیشی زانی گۆڕان بەشداری گشتپرسی بكات.
لەبەرامبەردا فازڵ میرانی رایگەیاند، دوو دەستە بۆ پرسی ریفراندۆم پێکدەهێندرێن. هەروەها پڕۆژەکەمان لە یەكێتی وەرگرت و پاش لێکۆڵینەوە وەڵامیان دەدەینەوە.
هەروەها مەلا بەختیار رایگەیاند تاكە كێشە كە مابێ چارەسەر نەكرابێ، پەیوەندی نێوان پارتی و گۆڕان و كاراكردنەوەی پەرلەمانن.
فازڵ میرانیش گوتی: ریفراندۆم و سەربەخۆیی لە کاراکردنەوەی پەرلەمان گرنگترن و، لەڕووی یاساییەوە ریفراندۆم بەبێ پەرلەمان دەکرێت. گوتیشی: ئاشتیمان كردووە بەڵام ئاشتەوایی ماوە.