توركمانه‌كان هه‌ڵوێستی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی راگه‌یاند 

0

نوچه‌نێت- هه‌ولێر

نوێنه‌رانی پێكهاته‌ی توركمان له‌ هه‌رێمی كوردستان، له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كیاندا له‌گه‌ڵ شاندی هاوبه‌شی دوو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كه‌ی هەرێم، پارتی دیموكراتی كوردستان و یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان، رۆژی دووشه‌ممی دووپاتیان كرده‌وه‌، كه‌ داهاتوویان له‌گه‌ڵ هه‌رێمدایه‌، پشتیوانی خۆشیان بۆ گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان راگه‌یاند.

ئه‌مرۆ شانده‌ هاوبه‌شه‌كه‌ی یه‌كێتی و پارتی كۆبوونه‌وه‌یان له‌گه‌ڵ 11 حزب و لایه‌نی توركمانی له‌ هه‌ولێری پایته‌ختی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامدا، دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ عه‌دنان موفتی، ئه‌ندامی شانده‌كه‌ له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانی توركمان، كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیان به‌ست و ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان بۆ رای گشتی ئاشكرا كرد.

له‌ سه‌ره‌تای كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانیه‌كه‌دا، عه‌دنان موفتی جه‌ختی كرده‌وه‌، كه‌ لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش بۆ ئه‌نجامانی گشتپرسی پێكده‌هێنن و سبه‌ینێش هه‌ردوو پارته‌ سه‌ره‌كیه‌كیه‌كه‌ دووباره‌ كۆده‌بنه‌وه‌.

لای خۆشیانه‌وه‌ نوێنه‌رانی توركمان له‌ هه‌رێمی كوردستان رایانگه‌یاند، له‌ به‌رژه‌وه‌ندی توركماندایه‌ پارێزگای كه‌ركوك بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، چونكه‌ به‌شێكه‌ له‌ خاكی كوردستان. ئاماژه‌شیان به‌وه‌ كرد، كه‌ 90%ی توركمان پشتگیری له‌ گشتپرسی و سه‌ربه‌خۆیی كوردستان ده‌كه‌ن.

روونیشیان كرده‌وه‌، كه‌ داهاتووی توركمان له‌گه‌ڵ كوردستانه‌، چونكه‌ وه‌ك پێكهاته‌ی دووه‌م مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت له‌ كوردستان.

شاندی هاوبه‌شی پارتی و یه‌كێتی، كه‌ دوو پارتی سه‌ره‌كی هه‌رێمی كوردستانن، كۆبوونه‌وه‌ و راوێژ له‌گه‌ڵ پارت و پێكهاته‌ و لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجام ده‌ده‌ن، بۆ وه‌رگرتنی راو بۆچوونیان له‌سه‌ر ئه‌نجامدانی گشتپرسی جه‌ماوه‌ری بۆ سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com