نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەهەرێمی کوردستان و دەڵێت “کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان گرفت بۆ پڕۆسەکە دروست ناکات”.
پرسی ریفراندۆمی هەرێمی کوردستان بۆ جیابوونەوە لە عێراق، لەئێستادا پرسیكی گەرمی لایەنە سیاسیەکانی باشوری کوردستانە، بۆ ئەو مەبەستەش لەچەند رۆژی رابردوودا شاندێکی سیاسی هەرێمی کوردستان سەردانی بە غدایانکرد، بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی، هەروەها زۆربەی لایەنە سیاسییە سەرەكەییەكانی ھەرێمی كوردستان پشتگیری لە گشتپرسی دەكەن.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، فەرحان جەوهەر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی پارتی، لەبارەی کاتی ئەنجامدانی گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئێستا گونجاوترین کاتە بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم، چونکە ئامادەکاری و زەمینە سازی گونجاو بۆ ئەنجامدانی ئەو پڕۆسەیە کراوە و زۆربەی لایەنە سیاسیەکانی هەرێم لەگەڵ ئەنجامدانی پرۆسەکەن، بۆیە پێویست ناکات چیدیکە دوابخرێت.
لەبارەی پێویستی پەرلەمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە فەر حان جەوهەر دەڵێت “ئەنجامدانی گشتپرسی، پێویستی بەپەرلەمان نییە، لەبەر ئەوەی بابەتێکی جێبەجێکارییە، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان دەتوانێت ئەنجامی بدات، بۆیە کارانەبوونی پەرلەمانی کوردستان گرفت بۆ پڕۆسەکە دروست ناکات”.
هەروەها ناوبراو گوتیشی “ریفراندۆم مافێکی شەرعی خەڵکی کوردستانە و هەموو کاتێك دەتوانێت ئەنجامی بدات، بۆیە کەس ناتوانێت ئەو مافە لە گەلی کورد، بسێنێتەوە”.