نوچەنێت: تایبەت
جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، ژمارەیەكی زۆر كولە، لەپشت چیای سورێنی ناوچەی شارەزورەوە هەتاوەكو شارهدێی ناڵپارێزی سەری هەڵداوە و دەڵێت “ئەگەر بەزووترین كات قەڵاچۆ نەكرێت، ئهوا رێژەكە زۆر زیاتر دەبێت”.
ماوەی چەند رۆژێكە ژمارەیەكی زۆر كولە، لە پشت چیای سورێنی ناوچەی شارەزورەوە هەتاوەكو شارهدێیی ناڵپارێزی سەر بە شارۆچكهى پێنجوێن بڵاوبووهتەوە، ئەمەش نیگەرانی جوتیارانی لێكەوتووهتەوە، هاوکات ئەمڕۆ شەممە 8- 4- 2017، ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی كشتوكاڵی پەرلەمانی كوردستان و قایمقامی پێنجوێن و بەرپرسانی كشتوكاڵی ناوچەكە، لە دیوانی شارهدێی ناڵپارێز لەسەر ئەو بابەتە لەگەڵ جوتیاران كۆبونەوە.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، غەریب مستەفا پێنجوێنی، جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ، له پهرلهمانى كوردستان، لە فراکسیۆی یەکگرتوو، لەبارەی سەرهەڵدانی کولە لەو ناوچەیە رایگەیاند: ئەمە سێیەم ساڵە ئەم کولەیە پەیدا دەبێت، ساڵ بۆ ساڵ رێژەکەی زیاتر دەبێت، چونکە پار ساڵ رێژەكە كەمتر بوو، بەڵام ئەمساڵ رێژەكە زۆر زیادیكردووە، ئەگەر بەزووترین كات قەڵاچۆ نەكرێت، ئهوا رێژەكە زۆر زیاتر دەبێت.
غەریب مستەفا دەڵێت “ئەوەی، کە ئێمە بە چاو بینیمانە لە نزیکەوە، جێگەی سەر سوڕمان و مەترسییە، رێژەكە ئەوەندەی گەڵای رووەكەكانە، بەڵام هێشتا قەبارەکەی بچوكە و رۆژبەرۆژ گەشەدەکات و هەرئەوەندەی گەورە بوو ، دەست دەکات بەخواردن، لەخواردندا زۆر خێرایە و خواردنەکەشی رووەکو گەڵای سەوزە، لەدوای مانگی 5 ئەو رێژە کولە زۆرەی لەوێ سەری هەڵداوە، روودەکاتە ئەو ناوچانەی، کە شینای تێدایە وەکو کێڵگە کشتوکاڵیەکان و رەز و باخەکان، پەلاماریان دەدات بۆخواردن و لەناویان دەبات”.
جێگری سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ، بە پێویستی دەزانێت حکومەت بەجددی بێتە سەرخەت و گوتیشی “پارساڵ وەزارەتی کشتوکاڵمان لێ ئاگادار کردەوە، بەڵام لەبەر نەبوونی بودجەی پێویست نەیتوانی هیچ بکات، تەنها پڕێکی کەم دەرمان نەبێت”.
ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات، کە ئەوان وەکو لیژنەی کشتوکاڵ بڕیاریانداوە ئەم هەفتەیە، کۆبوونەوە بکەن و دەیانەوێت کاتێك وەربگرن لە سەرۆکی حکومەتی هەرێم و جێگرەکەی لەسەر ئەوبابەتە و دەڵێت “قسەشمان لەوە کردووە، کە وەزیری کشتوکاڵ میوان داری بکەین لەلیژنەی خۆمان لەپەرلەمانی کوردستان، بۆ ئەوەی بە جددی تاوتوێی ئەم بابەتەیان لەگەڵ بکەین، دەبێت میکانیزمێك بدۆزرێتەوە بۆ کۆنتڕڵکردنی، ئەگەر بەوشێوەیە بمێنێتەوە لەوانەی گوندنشینانی ئەو ناوچانە گوندەکان چۆڵبکەن”.