نوچەنێت
ئـەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا دەربارەی بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سوریا، وێڕای ئـیدانەکردنی ئـەو تاوانە، سەرەخۆشی لە کەسوکاری قوربانیەکان کرد.
ئەمڕۆ ھەینی 7/4/2017 ئەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا سەبارەت بەکارھێنانی چەکی کیمیایی لە سووریا رایگەیاند “لە چەند رۆژی رابردوو بینیمان لە سوریا چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیلی شاری ئیدلب بەکار ھێنرا، ئەم تاوانە ھەموو ئەو برینانەی بەبیر ئێمە ھێنایەوە کە لە کۆتایی ھەشتاکانی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام درا”.
دەقەی پەیامەی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم:
گەلی کوردستان نەھامەتییەکی زۆری بەدەست ڕژێمی بەعسی ڕووخاوەوە بینیوە و یەکێک لە نەھامەتییە ھەرە گەورەکانیش، کارەساتی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە بوو کە لە چەند چرکەیەکدا پێنج ھەزار کەسی کردە قوربانی.
گەر ئەو کات کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بێدەنگییان ھەڵنەبژاردبا و ھەنگاوی پێویستیان بگرتبایەتە بەر، دەکرا ببوایە ھۆکارێک تا ئەم جۆرە تاوانە نامرۆڤانانە دووبارە نەبنەوە.
لە چەند ڕۆژی ڕابردوو بینیمان لە سووریا چەکی کیمیایی لە دژی خەڵکی سڤیلی شاری ئیدلب بەکار ھێنرا، ئەم تاوانە ھەموو ئەو برینانەی بەبیر ئێمە ھێنایەوە کە لە کۆتایی ھەشتاکانی ڕابردوو بەرامبەر بە گەلی کوردستان ئەنجام درا.
بە توندی ئـەو تاوانە ئـیدانە دەکەین و ھاوخەمی و ھاوسۆزیی خۆمان بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەو کردەوە نامرۆڤانەیە دەردەبڕین.
پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەو تاوانانە، ھەڵوەستەیەکی جددی بکات و ھیوادارین ئەو ھەنگاوەی بۆ ڕێگرتن و وەڵامدانەوەی ئەو جۆرە کردەوە نامرۆڤانە لەلایەن ھێزەکانی ئەمەریکاوە نراوە، ببێتە ھۆکارێک تاکوو تاوانی لەو جۆرە دووبارە نەبێتەوە و لە ھەمان کاتیشدا بە جددی ھەوڵ بدرێت ڕێگەچارەیەکی بنەڕەتی بۆ ئەو ئاڵۆزی و بارودۆخە ناھەموارەی کە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، بدۆزرێتەوە.
ئـەنجومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان
2017-4-7