
لە پیرەمەگرون له‌سه‌ر دروستكردنی تاسه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا، خێزانێك ته‌قه لەپۆلیس دەکەن و سەرۆکی شارەوانی بریندارە
نوچەنێت
خه‌ندان – توانا عه‌لی
ئه‌مڕۆ 8ی ئایاری 2012، له‌سه‌ر دروستكردنی تاسه‌یه‌ك له گه‌ڕه‌كه‌كه‌یاندا، خێزانێك هێرش ده‌كه‌نه سه‌ر سه‌رۆكی شاره‌وانی پیره‌مه‌گروون و دوای چوونی هێزه‌كانی پۆلیس بۆ شوێنی رووداوه‌كه باوك و كوڕه‌كانی ئه‌و خێزانه ته‌قه له‌هێزه‌كانی پۆلیس ده‌كه‌ن و له‌ئه‌نجامدا سه‌رۆكی شاره‌وانی پیره‌مه‌گرون بریندار ده‌بێت.
سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌پۆلیسی پیره‌مه‌گروون بۆ خه‌ندان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، رووداوه‌كه ئه‌وكاته روویداوه كه كه‌مال مه‌حمود سه‌رۆكی شاره‌وانی پیره‌مه‌گروون سه‌ردانێكی مه‌یدانی كردووه بۆ ناوبازاڕو گه‌ڕه‌كه‌كان، به‌وته‌ی خۆشی له‌گه‌ڕه‌كی شاره‌وانی بینیویه‌تی یه‌كێك له ماڵه‌كان تاسه دروست ده‌كه‌ن و ئه‌ویش له‌هۆكاری دروستكردنی تاسه‌كه و بوونی مۆڵه‌تی پرسیوه بۆ ئه‌وكاره، به‌ڵام به‌وهۆیه‌وه ده‌مه‌قاڵی له‌نێوان سه‌رۆكی شاره‌وانی و ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌دا دروست بووه و ده‌ستدرێژی كراوه‌ته‌سه‌ری.
سه‌رچاوه‌كه وتی: “پاش ئه‌وه سه‌رۆكی شاره‌وانی سكاڵای یاسایی له‌پۆلیسی پیره‌مه‌گروون تۆمار كردووه و دوای وه‌رگرتنی بڕیاری دادوه‌ر هێزێكی پۆلیس له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی شاره‌وانی چوونه‌ته‌وه بۆ گه‌ڕه‌كه‌كه، به‌ڵام پێشتر ئه‌ندامانی ئه‌و خێزانه‌ی كه تاسه‌كه‌یان دروست كردووه زانیویانه پۆلیس ده‌چێت ئاماده‌كارییان كردووه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌یان و خۆیان به‌ستووه كۆڵان و سه‌ربانی ماڵه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه‌كه‌یان گرتووه‌و ته‌قه‌یان له‌هێزه‌كه‌ی پۆلیس كردووه”.
سه‌رچاوه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه له‌ئه‌نجامی ته‌قه‌كردنه‌كه دوو گولـله به‌ر ئۆتۆمبێله‌كه‌ی سه‌رۆكی شاره‌وانی كه‌وتووه و یه‌كێكیشیان به‌ر ده‌ستی كه‌وتووه و برینداربووه، به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ریش ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی فریاكه‌وتنی سلێمانی كراوه.
سه‌رچاوه‌كه‌ی پۆلیسی پیره‌مه‌گروون ئه‌وه‌شیخسته‌ڕوو كه له‌پێناو سه‌لامه‌تی هاووڵاتیان و خێزانه‌كانی ئه‌و گه‌ڕه‌كه پۆلیس وه‌ڵامی ته‌قه‌كانیان نه‌داوه‌ته‌وه و روبه‌روبوونه‌وه‌ی چه‌كداری دروست نه‌بووه.
دواتر دادوه‌ر بڕیاریداوه به ده‌ستگیركردنی باوك و كوڕه‌كانی ئه‌و خێزانه و ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی چه‌كه‌كانیان.
له‌ئێستاشدا باوكیان گیراوه و كوڕه‌كانیشی به‌ره‌و شوێنێكی نادیار هه‌ڵهاتوون.