نوچەنێت-ئاژانسەکانی هەواڵ
کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی لە بەغدا کۆتاییهات و عەدنان موفتی رایگەیاند “بە راشکاوانە گفتوگۆیان لەسەر کێشەکان کردووە و ئەنجامدانی ریفراندۆم راستەوخۆ بە واتای سەربەخۆیی نایەت”.
لە رۆژی دووەمی کۆبوونەوەکانی لە بەغدا، شاندەکەی هەرێمی کوردستان لە پێنجەم کۆبوونەوەیدا سەردانی عەممار حەکیم، سەرۆکی هاوپەیمانی نیشتمانی (شیعەکان)ی کرد، کە هاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامییە.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە 6-4-2017، عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنفرانسێکی هەواڵیدا لە بەغدا ڕایگەیاند، لەگەڵ هاوپەیمانی نیشتیمانی بە ڕاشکاوانە گفتوگۆیان لەسەر کێشەکان کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکاندا بە سەرکردەکانی عێراقیان گوتووە، کە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم ڕاستەوخۆ بە واتای سەربەخۆیی نایەت.
هاوکات هەر لە کۆنفرانسەکەدا عەلی عەلاق، یەکێک لە سەرکردەکانی هاوپەیمانی نیشتیمانی شیعەکان گوتی، ئەوان دژی کوردستان نین و پێویستە ڕێوشوێنەکانی جێبەجێکردنی ماددەی 140 چالاک بکرێن.
ئەندامانی شاندەکە رایانگەیاند، پرسی ڕیفراندۆم و هەڵکردنی ئاڵای کوردستانیان لە کەرکوک لەگەڵ بەرپرسانی بەغدا تاوتوێکردووە و دەشڵێن، ئاڵای کودستان لە کەرکوک داناگیرێت.
رۆژی چوارشەممە 6-4-2017 شاندی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆککۆمار، سەرۆکوەزیران و سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کۆبووەوە و پرسی ئاڵا لە کەرکوک و گشتپرسییان تاوتوێکرد. هەروەها شاندەکە، پێکهاتووە لە فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان و عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان و فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان.