نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەردانی شاندی هەرێم بۆ بەغدا پەیامێكە بۆ ئەوانەی، دەڵێن کورد بەغدای فەرامۆشکردووە و لەسەر ئاڵای کوردستان لە کەرکوك دەڵێت “ئەو ئاڵایە بەخوێن بەرزبووەتەوە و بەخوێنیش دێتە خوارێ”.
رۆژی چوارشەممە 5-4-2017 شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی، بە بەشداری نوێنەری بارزانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ئەنجامدانی گشتپرسی چوونە بەغدا، کە پێکهاتبوون لە فوئاد حوسێن، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و عەدنان موفتی ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەرەفات کەرەم، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، لەبارەی گرینگی سەردانی شاندەکەی هەرێم بۆ بەغدا رایگەیاند: ئەم سەردانە، پەیامێك بۆ ئەوانەی، کە دەڵێن کورد بەغدای فەرامۆشکردووە، ئەمە شاندێکی سیاسییە، جیاوازی هەیە لەگەڵ ئەوانەی پێشووتر، دەچن لەسەر بابەتی ستراتیجی قسە دەکەن، وەك بابەتی ریفراندۆم، کە زۆر گرنگە بۆ خەڵکی کوردستان، کە مافێکی شەرعی و دەستووری خۆمانە.
عەرەفات کەرەم دەڵێت “شاندەکە نەچووەتە بەغدا بۆ وەرگرتنی رەزامەندی لەسەر بابەتی ریفراندۆم، چونکە ئێمە رەزامەندی لە هیچ کەس و لایەنێك وەرناگرین، بۆ مافێکی شەرعی خۆمان”.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی سەبارەت بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك گوتی “شاندەکە پەیامیان ئەوەیە، کە ئەگەر ئەوان نیگەرانن ئاڵای کوردستان لەکەرکوك هەڵکراوە، بابچن ئەسڵی بابەتەکە چارەسەر بکەن، کە جێبەجێکردنی ماددەی 140 و دەبێت لیژنەی بۆ پێکبهێنرێت”.
عەرەفات کەرەم جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بەغدا عونفی ستراتیژییە بۆ کوردستان و ئەوان پرس بە ئێران و تورکیا ناکەن لەو بابەتانەدا و دەڵیت “دەبێت کێشەی ئاڵا لە کەرکوك یەکلابکرێتەوە ،لەبەر ئەوەی ناوچەکە ناکۆکی لەسەرە، ناىێت بە تەنها یەك ئاڵا بەرزبکرێتەوە، دەبێت هەردووکیان هەبن هەتا یەکلادەبێتەوە، جێگای دڵخۆشیە، کە هەموو فراکسیۆنە کوردییەکان لە بەغدا یەك هەڵوێستیان هەبوو، لەسەر ئاڵای کوردستان لە کەرکوك”.