نوچەنێت-رووداو
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی هاوبەشدا دوای کۆبوونەوەی شاندی هەرێمی کوردستان لەگەڵ رەوتی سەدر، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەحرار لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند “باسی هەندێک پرسی گرنگمان کرد، کە پەیوەندی بە کاروباری گشتی نیشتمانەوە هەیە، سەبارەت بەو پێشهاتانەی لەمدواییە روویاندا، لەوانە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر پرسی هەڵکردنی ئاڵای عێراق و ئاڵای کوردستان لە کەرکوک”.
رۆژی چوارشەممە 5-4-2017 شاندێكی هاوبەشی پارتی و یەكێتی بە بەشداری نوێنەری بارزانی بۆ گفتوگۆكردن لەبارەی پرسی هەڵكردنی ئاڵای كوردستان و ئەنجامدانی گشتپرسی چوونە بەغدا کە پێکهاتبوون لە فوئاد حوسێن ، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسی پارتی و عەدنان موفتی ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی.
زیا ئەسەدی، سەرۆکی فراکسیۆنی ئەحرار لە پەرلەمانی عێراق و سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر، گوتی “هەڵوێستی بنەڕەتی ئێمە لە رەوتی سەدری ئەوەیە هەموو کێشەکانمان لەسەر بنەما گشتییەکان چارەسەر بکەین، یەکێک لەو بنەمایانە ئەوەیە رێگە نادەین هیچ دەوڵەتێک لە جیهان جا چ دراوسێ بێت یان دراوسێ نەبێت دەست وەربداتە کاروباری نێوخۆی عێراق، هەرچی لە عێراق روودەدات پەیوەستە بە رۆڵەکانی عێراق و هەر دەبێت لەنێو عێراقیش چارەسەر بکرێت ، هەر دەستوەردانێکی دەرەکی لە هەر بابەتێک رێگەپێدراو نییە”.
سەرۆکی فراکسیۆنی ئەحرار گوتیشی “بنەمایەکی دیکە ئەوەیە، ئێمە بە تەواوەتی دەرک بەوە دەکەین، کە هەرێمی کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە، هەموو ئەو تایبەتمەندیانەش بە تەفاهوم و رێککەوتن لەگەڵ حکومەتی نیشتمانی بەدیهاتوون، پەرلەمانی عێراق و حکومەتی عێراق نوێنەرایەتی هەموو عێراقییەکان دەکات، عێراقیش بەپێی دەستوور عێراقێکی ئیتحادی فیدراڵییە، بۆیە پێویست بەوە دەکات چارەسەر بۆ هەموو کێشەکان لەو چوارچێوەیەدا چارەسەر بکرێن”.
زیا ئەسەدی، ئاماژە بەوە کرد “ئەو هەڵچوونەی لە لێدوانە میدیایی و سیاسییەکان دەدرێن، خزمەت بە هیچ یەكێک لەو لایەنانە ناکات کە بەشدارن لە پرۆسەی سیاسی، هاوکات خزمەتی رۆڵەی ئەو وڵاتەش ناکات، بە تایبەت لەو کاتەدا کە رۆڵەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و حەشدی شەعبی و سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگە بە هاوبەشی دژ بە هێزێکی تاریک شەڕ دەکەن کە هەڕەشەیە لەسەر ئەمنی عێراق، هەموویان لە پێناو پاراستنی ئەو وڵاتە خوێنیان رژاندووە”.
زیا ئەسەدی، ئاماژە بەوەش دەدات “مادام قوربانیدانەکانمان هاوبەشە لە پێناو سەقامگیری و ئاسایشی وڵات، پێویست بەوە دەکات لە ئاستێک بین کە شایستەی ئەو قوربانیدانە بێت و کێشەکان چارەسەر بکەین، بە دانیشتن لەسەر مێزی دانوستاندن و تاووتوێی کێشەکان و بگەینە چارەسەرێکی نیشتمانی کە لێیەوە خزمەتی هەموو رۆڵەکانی عێراق بکات”.
سەرۆکی دەستەی سیاسی رەوتی سەدر، سەبارەت بە پرسی گشتپرسی و مافی چارەی خۆنووسین، دەڵێت “هەر بڕیارێک لە چوارچێوەی دەستوور و تەفاهوم بێت لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی بەغدا، لەسەرمان پێویستە رێز لەو بڕیارە بگرین، ئەو بڕیارانە بڕیاری چارەنوسساز و گرنگن ، ناکرێت بۆ میدیا بەو خێراییە قسەیان لەبارەوە بکەین، بەڵکو دەبێت بەباشی دیراسەی بکەین”.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند “بۆچوونەکانمان زۆر لەیەکەوە نزیک بوون لەبارەی ئەو پرسانەی قسەمان لەسەرکرد پەیوەست بە ئاڵای کوردستان، باسی پرسی گشتپرسیمان کرد لە کوردستان، هەڵسانگاندنێکمان بۆ ئەو ئەزموونەکرد کە لە 2003وە تاوەکو ئێستا لەگەڵ عێراق هەمانە، دەستنیشانکردنی لایەنە سلبییەکانی و چۆنیەتی تێپەڕاندنی ئەو سلبیاتانە”.
عەدنان موفتی، گوتی: “لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان و لەگەڵ برایانیشمان لە رەوتی سەدری باسی ئەوەمان کرد ئیمکانی ئەوە نییە ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دابەزێندرێت، بەڵکو ئەمە بڕیارێکە لەلایەن ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکەوە دراوە، هاوکات خەڵکی کوردستان و تێکڕای حیزبە سیاسییەکانی کوردستان رازی نابن ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دابەزێندرێت، بۆیە دەبێت رێگایەک بدۆزینەوە”.