نوچەنێت
عەدنان موفتی ئەندامی شاندی پارتی و یەکێتی بۆ بەغدا رایدەگەیەنێت، کۆبوونەوەکانیان بۆ گشتپرسی دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستان و لەسەر بڕیاری پەرلەمانی عێراقە بۆ داگرتنی ئاڵای کوردستان.
ئەمڕۆ شاندەکەی پارتی و یەکێتی کە لە فواد حسێن، سەرۆکى دیوانى سەرۆکایەتى هەرێم، فازڵ میرانى ئەندامى مەکتەبى سیاسى پارتى و مەحمود محەمەد، وتەبێژى پارتى و عەدنان موفتى ئەندامى مەکتەبى سیاسى یەکێتى پێکهاتووە گەیشتە بەغدا. بڕیارە شاندەکە لە بەغدا پرسی ریفراندۆم تاوتوێ دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 5-4-2017 عەدنان موفتی، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا رایگەیاند، لەگەڵ فواد مەعسووم، سەرۆک کۆمار و حەیدەر عەبادی، سەرۆکوەزیران و سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقدا کۆدەبنەوە.
عەدنان موفتی، ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بە رووداوی راگەیاند “ئەجێندای كۆبوونەوەكان بۆ گشتپرسی دیاریكردنی مافی چارەی خۆنووسینی گەلی كوردستانە، دەمانەوێ بە رێگەی سیاسی و ئاشتی لەگەڵ بەغدا ئەو پرسە گفتوگۆ بكەین، بۆ ئەوەی بگەینە رێككەوتن و بەرژەوەندی هەردوولامان پارێزراو بێت”.
عەدنان موفتی كە هاوكات ئەندامی شاندەكەیە گوتیشی “یەكێكی دیكە لەو بابەتانەی لەگەڵ بەرپرسانی حكومی و حزبی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكەین، بڕیارەكەی پەرلەمانی عێراقە لەبارەی داگرتنی ئاڵای كوردستان لە كەركووك، بەبۆچوونی ئێمە ئەو بڕیارە هەڵەیە و دەمانەوێ ئەو بارگرژییەی دروستبووە، خاوی بكەینەوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە کۆبوونەوەکاندا گفتوگۆ دەکەن لەسەر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەسەر داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک.