شاندی باڵای ئەمریکا: پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات

0

نوچەنێت
شاندی باڵای ئەمریکا لە کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێمی کوردستان رایگەیاندووە “خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات” و جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە

ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشەممە 4ـی 4ـی 2017) مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان پێشوازی لە شاندێکی ئەمریکی کرد، بە سەرۆکایەتی جۆزێف دەنفۆرد، سەرۆک ئەرکانی سوپای ئەمریکا.

سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان رایگەیاندووە، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا لە گوتەیەكدا پێزانینی بۆ سەركردایەتیی بارزانی و دەستكەوتەكانی هێزی پێشمەرگە هەبوو لە شەڕی تیرۆریستانی داعش و گوتویەتی “قوربانیدانی پێشمەرگە لە شەڕی تیرۆدا بە نرخترین بابەتە و خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە پابەندبوونی ئەمریكا بە پشتیوانیی هەرێم فراوانتر دەكات”.

بەپێی راگەیێندراوەكەی سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان، جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد ئەوەشی خستووەتەڕوو، كە بۆ بەردەوامیی سەركەوتنەكان پێویستیان بە هەماهەنگی لەگەڵ هێزی پێشمەرگەی كوردستان هەیە.

سەرۆك ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا باسی لە “تێگەیشتنی ئەمریكا و ئیدارەی تازەی وڵاتەكەی كرد لە ئازار و نەهامەتییەكانی گەلی كوردستان. جەختی لە دۆستایەتی و هاوپەیمانێتیی نێوان ئەمریكا و هەرێمی كوردستان كردەوە”.

مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سوپاسی حكومەت و سوپای ئەمریكای كرد لە شەڕی تیرۆردا و گوتی “جێگەی شانازییە بە یارمەتیی ئەمریكا و هاوپەیمانان پێشمەرگە ئەفسانەی داعشی شكاند”.

سەرۆكی هەرێمی كوردستان جەختیشی لە بەردەوامی و بەهێزتربوونی هاوپەیمانێتیی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا لە شەڕی تیرۆر كردەوە.

بارزانی باسی لەو نەهامەتانەی كرد، كە لەسەر دەستی حكومەتەكانی عێراقی تووشی گەلی كوردستان هاتووە. جەختی لە فەرهەنگی پێكەوەژیان و نەبوونی حەساسیەتی نەتەوەیی و تائیفی لە كوردستان كردەوە كە “هەر ئەو فەرهەنگەیە وای كردووە گەلی كوردستان لە شەڕی تیرۆردا سەربكەوێت”.

شاندی ئەمریکی پێکهاتبوون لە: جەنەڕاڵ جۆزێف دەنفۆرد، سەرۆكی ئەركانی هاوبەشی سوپای ئەمریكا، جارید كۆشنەر، گەورە راوێژكاری سەرۆكی ئەمریكا، تۆم بۆسارد، راوێژكاری ئاسایشی ناوخۆی سەرۆكی ئەمریكا، كێیت شیللەر، بەڕێوەبەری ئۆپەراسیۆنەكانی نووسینگەی ئۆڤەل، دۆگڵاس سلیمان، باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق و جەنەڕاڵ داونسێند، فەرماندەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق و ژمارەیەك بەرپرسی سیاسی و سەربازیی كۆنسوڵخانە و سوپای ئەمریكا.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com