نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی پارتی رایدەگەیەنێت، دەستخۆشی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك دەکەم، دەشڵێت “ئەنجامدانی گشتپرسی لە کەرکوك ماددەیەکی دەستوریە”.
لە كۆبوونەوەی رۆژی سێشەممە 28-3-2017ی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، دەنگ لەسەر ئەوە درا کە ئاڵای كوردستان لەگەڵ ئاڵای عێراق لە كەركوك بەفەرمی هەڵبكرێت، لەسەر ئەوەش كاردانەوەی جۆراوجۆر دروست بوو، بۆ دیاریكردنی چارەنووسی ئەو پارێزگایەش لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەنەكەدا، گفتوگۆ لەسەر ئەنجامدانی گشتپرسی کرا.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، شیلان جەعفەر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەو شارە رایگەیاند: دەستخۆشی لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوك و ئەندامانی ئەو ئەنجومەنە دەکەم، بەهەموو رەنگە جیاوازەکانەوە بۆ ئەنجامدانی گشتپرسی لەوشارە .
شیلان جەعفەر روونیشیکردەوە، کە ئەنجامدانی گشتپرسیش لە کەرکوك ماددەیەکی دەستوریە، کە لە دەستوری عێراقی فیدڕاڵدا هاتووە و دەڵێت “ئەوە مافی گەلی کورد و کەرکوکیەکانە، بە هەموو رەنگەکانەوە، دەمانەوێت دەوڵەتێکی سەر بەخۆمان هەبێت، ئەم گۆڕانکاریانەی کەرکوك دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو گٶڕانکاریانەی، کە لەناوچەکەدا روودەدەن”.
پەرلەمانتارەکەی پارتی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك گوتیشی “هەڵکردنی ئاڵای کوردستان هەرچەندە درەنگ کەوت، بەڵام کارێکی زۆر باشبوو، چونکە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك یاسایی و دەستوریە ، گەلی کورد خوێنی داوە لە پێناو کەرکوك و لەژێر ئەو ئاڵایەدا کەرکوك پارێزراو بوو لەدەست تیرۆریستانی داعش، ئەگەر گەلی بەرگری کورد نەبوایە، کەرکوك هەمان چارەنووسی موسڵی دەبووە”.