نوچەنێت
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک راگەیاند و گوتی “بەرزکردنەوەی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای حکومەتی عێراق لە کەرکوک، بە نادەستووری دەزانین”.
هەفتەی رابردوو ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بڕیاریدا بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان، لە گەڵ ئاڵای عێراق لەسەر دامودەزگا حکومیەکانی ئەو شارە، ئەوەش کاردانەوەی نێوخۆیی و دەرەکی لێکەوتەوە.
رۆژی شەممەی رابردووش پەرلەمانی عێراق بڕیارێکی لە دژی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکووک دەرکرد و داوایکرد ئاڵاکە دابگیرێت، بەڵام بەرپرسانی کەرکووک و فراکسیۆنە کوردییەکانی پەرلەمانی عێراق لە دژی ئەو بڕیارە وەستانەوە.
رۆژی دووشەممە 3-4-2017، بەهرام قاسمی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی وڵاتەکەی لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک راگەیاند و گوتی “بەرزکردنەوەی هەر ئاڵایەکی دیکە جگە لە ئاڵای حکومەتی عێراق لە کەرکوک، بە نادەستووری دەزانین”.
بەهرام قاسمی دەڵێت، کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانی لە سەروەری خاکی عێراق دەکات و داواشی لەلایەنەکان کرد، پابەند بن بە دەستووری عێراقەوە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان.