یەکگرتوو: پرسی ریفراندۆم و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکان گرنگە

0

نوچەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری یەکگرتوو رایدەگەیەنێت، لە كۆبوونەوەكەدا باسیان لە ئایندەی باشووری کوردستان و گشتپرسی و، رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە نەخوازراوەكان کردووە.

رۆژی دووشەممە 3-4-2017 ،شاندی هاوبەشی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستان، کە پێکهاتبوون لە (د. رۆژ نووری شاوێس، وشیار زێباری، مەلا بەختیار و سەعدی ئەحمەد پیرە) لە شاری هەولێر لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان كۆبووەوە.

شاندە هاوبەشەکە، لەلایەن سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان، پێشوازییان لێكراو. دوای کۆبوونەوەکە هادی عەلی، سەرۆکی ئەنجومەنی سیاسی و جەماوەری لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند “لە کۆبوونەوەکەیان، باسیان لە پرسی ریفراندۆم و ئایندەی باشووری کوردستان کردووە و، چۆنییەتی رووبەڕووبوونەوەی ئەگەرە نەخوازراوەکان”.

هەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، هادی عەلی گوتیشی “یەکگرتووی ئیسلامی پرسی ریفراندۆم و سوودوەرگرتن لە دەرفەتەکان بە گرنگ دەزانێت، گرنگیشە بزانن قۆناغی دوای ریفراندۆم چۆن دەبێت، پێویستە هەموو لایەنەکان کار لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمان و چارەسەکردنی قەیرانی سیاسی بکەن”.

لەلایەکی دیکەوە د.رۆژ نوری شاوێس، ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی و ئەندامی شاندی هاوبەشی پارتی و یەکێتی، لەکۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا رایگەیاند “ریفراندۆم پرسێکی نەتەوەییە و بۆچوونی هەموو لایەنەکانی لەبارەیەوە وەردەگرن و لە گەڵیان كۆدەبنەوە، سەردانی هەموو لایەنەسیاسیەکانی باشوری کوردستان دەکەن، ریفراندۆم پێش هەموو بابەتەکانی دیکەیە و پێویستە ئاستەنگەکانی بەردەم ریفراندۆم وەلابنرێن”.

نوری شاوێس ئاماژە بەوەدەدات، کە بەمنزیکانە شاندەکە سەردانی بەغداش دەكات و، لەبارەی هەڵوێستی حكومەتی عێراقیش لەسەر گشتپرسی دەڵێت “هەڵوێستی بەغدا بەرامبەر هەرێمی کوردستان، شێوازێکی مەترسیداری وەرگرتووە، هەروەها خۆشحاڵیشم بە یەکهەڵوێستی لایەنە كوردستانییەکان لە بەغدا”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com