
كورد گەڕایەوە ناو ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ و هیچ پۆستێكیشی پێنەدرا
نوچەنێت
گۆڤاری سڤیل: تەیار عادل گۆران
لیستی برایەتی بێ گوێدانە جێبەجێكردنی مەرجەكانی گەڕایەوە ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ، مەحمود عوسمان بەدووری نازانێت رێكەوتنی ژێربەژێر هەبێت.
پاش دەرەنجامی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگانی باشووری عێراق، لیستی حەدبا كە 19 كورسی بەدەستهێنا و بەتاكڕۆیی پۆستەكانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و جێگرەكانی بۆخۆی دەستەبەركرد. لەبەرامبەردا لیستی برایەتی نەینەواش كە 12 كورسی بەدەستهێنابوو، بە 16 یەكەی ئیداری بایكۆتی لەئەنجومەنی پارێزگاكە كرد. لەسەرەتای بایكۆتكردنەكە كورد كۆمەڵێك مەرجی هەبوو بۆ گەڕانەوەی نێو ئەنجوومەنی پارێزگای موسڵ، لەسەرەوی هەمووشیانەوە جێبەجێكردنی ماددەی 140 و مانەوەی هێزەكانی پێشمەرگە و ئاسایشی هەرێم لەشاری موسڵ و پێدانی پۆستی سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا بەكورد.
دوای بەردەوامبوونی سێ ساڵ لەو بایكۆتكردنەو لە 1/4/2012 “بەبێ بەجێگەیاندنی هیچ یەكێك لەمەرجەكانی كورد”، لەبارودۆخێكی كتوپڕ كە عێراق و ناوچەكە پڕیەتی لەكێشە لیستی برایەتی – نەینەوا كە نوێنەرایەتی كورد دەكەن لەموسڵ بڕیاری ئەوەیاندا كە بگەڕێنەوە نێو ئەنجومەنی پارێزگا.
دكتۆر مەحمود عوسمان ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەو بارەوە بۆ (سڤیل) ئاماژەی بەوەكرد “دەبوایە مەرجەكان جێبەجێ بكرابوونایە، ئینجا لیستی برایەتی بگەڕابوایەوە بۆ نێو ئەنجوومەن”. دكتۆر بێئاگایی خۆیشی لەوردەكاری گەڕانەوەی لیستی برایەتی دەربڕی و گوتی “ئێمەش تەنها لەراگەیاندن ئەوەمان بیستوە، بەڵام بڕیار وابوو بەلایەنی كەم پۆستی جێگری پارێزگار بەكورد بدرابوایە”.
ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی نوێنەران ئەوەشی بەدوور نەزانی كە رێكەوتنێكی ژێربەژێری هەبێت لەنێوان هەردوولادا بۆ گەڕانەوەیان بۆ نێو ئەنجومەن، وەك ئاشكراشە كە لیستی حەدبا لەئێستاكەدا بووەتە دوو بەش و بەشێكیان دژی گەڕانەوەی كوردن و كوتلەكەی نوجێفیش لەگەڵ ئەوەن كە كورد بگەڕێنەوە.
ئەو ئەندامەی پەرلەمان ئاماژەی بەوەشكرد كە لەئێستاكەدا هەردوو لیستی عێراقییەو هاوپەیمانی كوردستانی لەبەغدا نێوانیان خۆشە لەگەڵ یەكتری لەسەر بڕیارە سیاسییەكان و ئەوەش رۆڵی خۆی دەبینێت لەڕێككەوتنی ئەو دوو لایەش، چونكە لیستی حەدباش هەر سەر بەعێراقیە.
هاوكات (قاسم ساڵح) ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ لەسەر لیستی برایەتی نەینەوا بۆ (سڤیل) ئاماژەی بەوەكرد، كە لە 1/4/2012 ئەوان وەكو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵ بەفەرمی دەستیان بەدەوامی ئاسایی خۆیان كردۆتەوە. قاسم گوتیشی “جگە لەوەش هەر 16 یەكەی ئیداریش لەسنوری پارێزگاكە دەگەڕێنەوە سەر پارێزگای موسڵ كە لەگەڵ ئێمە هەڵوێستیان وەرگرتبوو”.
قاسم لەبارەی جیاوازی هەڵوێستی ئەندامانی لیستی حەدبا گوتی “ئێستاكە لیستی حەدبا بوونەتە دوو لایەنی جیا و لەنێو لیستەكە دوو رای جیاواز هەیە بۆ گەڕانەوەی ئێمە، بەگشتی لەنێو ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگاكە ئێمە زیاتر لە 25 دەنگمان دەبێت و لەنێو خودی لیستی حەدباش كە 19 ئەندامن زیاتر لە 11 ئەندام لەگەڵ ئەوەن، كە ئێمە گەڕاوینەتەوە بۆ نێو ئەنجومەن”. ئەو ئەندامە كوردە ئەوەی بەدوور زانی كە ئەندامانی لیستی برایەتی لەكاتی ئێستادا پۆست وەربگرن، بۆیە قاسم دەیوت “ئێمە لەئێستادا كێشەمان پۆست نییە، بەڵكو هەندێك كاری دیكەمان هەیە بۆ ئێمە لەپۆست گەورەترە، كە بیكەین و خەڵكی پارێزگای موسڵ بە پلە یەك كوردەكان لەو ماوەی رابردوو تووشی گرفتی زۆر بوونە و پێویستە ئێمە چاوێك بەكێشەكانیان بخشێنینەوە”.
(درمان خەتاری) كە بە كەسی دووەمی لیستی برایەتی نەینەوا ناسراوە، لەدوای خەسرۆ گۆران لەلێدوانێكدا بۆ (سڤیل) گوتی “تاكو ئێستاكە ئێمە هیچ پۆستێكمان وەرنەگرتووە، بەڵام سەر لەنوێ لیژنەكانی نێو ئەنجومەنیان دابەش كردۆتەوەو ئەو لیژنانەی كە بەر ئەوان كەوتوون بریتین لەلیژنەی پەروەردە و مافی مرۆڤ و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی و خزمەتگوزاری و راگەیاندن و گەشتوگوزار و شوێنەوار”.
ئەو ئەندامەی لیستی برایەتی لەبارەی وەرنەگرتنی پۆستەوە گوتی “قسەی وا هەبوو كە پۆستی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگا بەئێمە بدرێت، بەڵام تاكو ئێستاكە پێمان نەدراوە”.
لیستی برایەتی نەینەوا لەهەڵبژاردنی 2009ی ئەنجوومەنی پارێزگاكان لە 16 یەكەی ئیداری كە پێكهاتبوون لە هەرسێ قەزای مەخموور و شێخان و شەنگال لەگەڵ 13 شارەدێی سەر بەئەوان و 12 ئەندامی ئەنجومەن بایكۆتی ئەنجومەنی پارێزگای موسڵیان كرد، لەبەرامبەر ئەوەی كە لیستی حەدبا 19 كورسی وەدەستهێنا و پۆستەكانی بە تاكلایەن لەسەر ئەندامانی خۆیدا دابەشكرد، كەچی ئێستا گەڕایەوە ئەنجەمەن بەبێ وەرگرتنی هیچ پۆستێك.