نوچەنێت: تایبەت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رازی بووە بەوەی، کە بۆماوەی 7 رۆژ بڕیارەکەی پەرلەمان لە بارەی داگرتنی ئاڵای کوردستانە لە کەرکوک رابگیرێت.
دوێنێ شەممە 1-4-2017، پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ، ھەڵکردنی ئاڵای کوردستانی ھاوشێوەی ئاڵای عێراق لە کەرکوک رەتکردەوە، فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش کۆبوونەوەی پەرلەمانیان بایکۆت کرد و ئەمڕۆش لەسەر بایکۆتکردنەکە بەردەوام بوون.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، حاکم سەرحان سلێڤانەیی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە فراکسیۆنی پارتی، لەبارەی بەشداریکردنی فراکسیۆنە کوردیەکان لە دانیشتنەکانی پەرلەمان رایگەیاند: سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانیەکان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانمان نەکرد و دانیشتنەکەمان بەجێهێشت، وەکو نارەزایەتیەک لەبەرامبەر بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق لەبارەی داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك، بەو ھۆیەوە رێژەی یاسایی ئەندامان تەواو نەبوو، بۆیە کۆبوونەوەکە ئەنجام نەدرا.
حاکم سەرحان سلێڤانەیی دەڵێت “سەلیم جبوری سەردانی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی کرد و لە گەڵمان کۆبوویەوە، داوای لێکردین، کە بەشداری کۆبوونەوەی پەرلەمان بکەن، ئەویش رازی دەبێت بەوەی، کە بڕیاری داگرتنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك بۆ ماوەی 7 رۆژ رابگیرێت، هەتا دەگەنە رێککەوتنێك”.
سلێڤانەیی راشگەیاند ”سەرجەم فراکسیۆنە کوردستانییەکان، بەو داواکارییەی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رازی نەبوون و ئێستاش لەگەڵ سەرۆکی پەرلەمان لە کۆبوونەوەدان“.
هەروەها ئەو ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەوە دەکاتەوە، کە ئەون وەکو فراکسیۆنە کوردییەکان سورن لەسەر ئەوەی، ئاڵای کوردستان لە کەرکوك دانەگیرێت، چونکە کەرکوك پارێزگایەکی کوردستانییەو هیچ تەنازولێکی لەسەر ناکرێت”.