نوچەنێت-رووداو
لە کەرکوک پێکهاتەی مەسیحی و تورکمان وەکو دەستپێشخەرییەک ئاڵایەکی کوردستانیان لە یەکێک لە گۆڕەپانی گەڕەکەکە بەرزکردەوە و پێش نوێژ و گوتارخوێنێکی تورکمان پێیوایە “ئەگەر پێشمەرگە و ئاسایش و هێزە ئەمنییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان نەبووایە، خەڵکی ئەو شارە بە ئارامی و ئاسایش ژیانی نەدەبردە سەر”.
رۆژی شهممه 1/4/2017 پهرلهمانی عێراق به زۆرینهی دهنگ بریاری داگرتنی ئاڵای كوردستانی له كهركوك دهركرد و بریاریدا تهنها ئاڵای عێراق لهسهر بینا و باڵهخانه حكومییهكانی پارێزگای كهركوك ههڵبكرێت، سهرجهم پهرلهمانتارانی فراكسیۆنه كوردییهكانی پهرلهمانی عێراق، بایكوتی دانیشتنهكهی پهرلهمانی عێراقیان كرد و هۆلی دانیشتنهكهیان بە جێهێشت و بڕیارهكهی پهرلهمانی عێراقیان به نادهستووری لهقهڵهمدا.
بە گوێرەی زانیارییەکان، لە گەڕەکی عەرەفە لە شاری کەرکوک، کە پێکهاتەی دانیشتووانەکەی عەرەب و مەسیحی و کورد و تورکمانن، زۆرینەشیان مەسیحی و تورکمانن، ئەمڕۆ 2-4-2017، دەستپێشخەرییەکیان کردووە، لەگەڵ کەسایەتییە تورکمانی و عەرەبیەکانی ئەو سنورە ئاڵایەکی کوردستانیان بەرزکردەوە”.
سەبارەت بە ئامانجیان لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە گەڕەکەکەیان یەکێک لە کەسایەتییە عەرەبەکانی ئەو گەڕەکە، لە لێدوانێکدا بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەو ئاڵایە سیمبولی برایەتییە لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان و مەسیحیەکان، لە پێناوی خوێنی شەهیدانی پێشمەرگە و ئاسایشە کە خۆیان بۆ پارێزگاری لە کەرکوک کردە قوربانی، هەروەها بۆ پێشوازیکردن لە زیاتر لە 4 ملیۆن ئاوارە لە عەرەبی سوننە لە پارێزگای کەرکوک و هەرێمی کوردستان، لەژێر ئەو ئاڵایەش ئاسایش و ئارامیان بۆ دابین کردووین، بۆیە مافی خۆیانە ئەو ئاڵایە لە کەرکوک و هەرێمی کوردستان بەرز بکەنەوە”.
ئەو کەسایەتییە عەرەبەی پارێزگای کەرکوک، سەبارەت بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراقیش دژ بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان پێیوایە “پەرلەمانی عێراق بۆیە خۆی بەو بابەتەوە سەرقاڵکردووە، قەیران دروستدەکات تاوەکو سەرنج لەسەر کارە بنەڕەتییەکان لابدات، کە بریتییە لە شەڕی داعش و یارمەتیدانی ئاوارەکان و لەخۆگرتنیان”.
د. یەشار یوسف رەزا، پێش نوێژ و گوتارخوێنی مزگەوتی حەسەن نەجم کە سەرۆکی کۆمەڵەی لەبەرکردنی قورئانی پیرۆزە لە کەرکووک، بە (رووداو)ی گوتووە: “کەرکوک شاری برایەتییە، کە تێیدا کورد و عەرەب و تورکمان پێکەوە بە ئاشتیانە دەژین، ئەو پێکەوە ژیانە بە سەدان ساڵ پێش ئێستا هەبووە، نەک پێش سەد ساڵ، بۆیە ئێمە براین لەو شارە ، کێشەمان لەگەڵ یەک و لەسەر ئەو بابەش نییە”.
هەروەها یەشار یوسف، دەڵێت “لەسایەی پێشمەرگە و ئاسایش ئێمە لەو شارەدا بە ئارامی و ئاسایش ژیان بەسەر دەبەین، ئەگەر پێشمەرگە و ئاسایش و هیزە ئەمنییەکانی سەر بە هەرێمی کوردستان نەبووایە، خەڵکی ئەو شارە بە ئارامی و ئاسایش ژیانی نەدەبردە سەر”.
ئەو پێش نوێژ و گوتارخوێنە تورکمانە، بەناوی زانایانی تورکمان و خەڵکی تورکمانی ناوچەکە پەیامێکی پیرۆزبایی ئاراستەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت “پیرۆزبایی لە کاک مەسعود بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەکەم، بەبۆنەی گردبوونەوەی ئەمڕۆی تورکمان و عەرەب و کوردەکان لە کەرکوک”.