نوچەنێت: تایبەت
ئەندام پەرلەمانێکی کوردستان رایدەگەیەنێت، هەر کەسێك لە هەرێمی کوردستان لە پشت ناونووسکردنی حەشدی شەعبی بێت، پێویستە رێوشوێنی توندی لەگەڵ بگیریەتەبەر.
حەشدی شەعبی، لەچەند ناوچەیەکی سنورەکانی کەرکوك بنکەو بارەگایان هەیە، لە ئێستاشدا لەچەند ناوچەیەکی باشوری کوردستان، دەنگۆی ئەوە بڵاو بووتەوە، هەوڵی ناونووسکردنی گەنجانی کورد دەرێت، بۆ چونە ریزەکانی حەشدی شەعبی. هەوروەها بەگوێرەی سەرچاوەکان پرۆسەکە بە نهێنی بەڕێوەدەچێت و چەند هەزار کەسێکیان ناونووسکردووە و پێیان گوتوون تا مانگی پێنج چاوەڕی بکەن.
بە گوتەی جێگری بەرپرسی مەڵبەندی نۆی یەکێتی لە شارەزوور، لە لایەن ئاسایشەوە چوار کەس کە لەوانەی ناونووسی خەڵکیان کردووە لێپرسینەوەیان لە گەڵ کراوە و هۆشداریش لەو بارەیەوە دراوە خەڵکی دیکەش کە دەست لەو کارە هەڵبگرن.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نازم هەرکی، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی پارتی و ئەندامی لیژنهى ناوخۆ و ئاسایشى و ئهنجومهنه خۆجێییهكان، لەبارەی ناونووسکردنی گەنجانی کورد لە باشوری کوردستان لە ریزەکانی حەشدی شەعبی رایگەیاند: لە رووی یاساییەوە، هەر هێزێك لەچوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە رێکنەخرابێت، قابیلی قبووڵ نییە، چونکە چەندین جار رێککەوتن کراوە و بڕیار دراوە، کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە کوێ دەسەڵاتی هەبێت و بەرگری دەکات و بوونی هەبێت، ناکرێت هیچ هێزێکی تر لەو ناوچەیە دروستبکرێت لە دەروەی وەزارەتی پێشمەرگە.
نازم هەرکی روونیشیکردەوە، هەر هێزێک لە دەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و دەزگا ئەمنییە فەرمییەکانی هەرێم، بەهێزێکی نافەرمی دادەنرێت و قابیلی قبووڵ نییە، بە تایبەتی هێزێکی وەکو حەشدی شەعبی، کە لە رووی سیاسی و کلتوری و یاساییەوە رێگە پێدراو نییە.
ئەو پەرلەمانتارەی پارتی پێیوایە، ناونووسکردنی حەشدی شەعبی لە باشوری کوردستان، زیندووکردنەوە و دروستکردنی کلتوری جاشایەتییە و دەڵێت” هەر کەسێك لە باشوری کوردستان، لە پشت ناونووسکردنی بۆ ناو حەشدی شەعبی بێت، لێی قبووڵ ناکرێت، پێویستە رێوشوێنی توندی لەگەڵ بگیرێتەبەر، چونکە دەسەڵاتی هەرێم خاوەن سەروەری و دامودەزگای خۆیەتی و خاوەنی وەزارەتی پێشمەرگەیە”.
هەروەها هەرکی گوتیشی، هەر لایەنێك لەدەرەوەی باشوری کوردستان، هەوڵبدات لە ناو کوردستان خەڵک ناونووس بکات، خۆی بەرپرسیار دەبێت لە درووستبوونی هەر شتێکی نەخوازراو، دەستپێشخەری شەڕە دژی باشوری کوردستان”.