ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک: مەحاڵە ئاڵای کوردستان جارێکی دیکە بێتەخوارەوە

0

نوچەنێت
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک رایگەیاند، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک کار بە بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ناکەن و دەڵێت “مەحاڵە ئاڵای کوردستان جارێکی دیکە بێتەخوارەوە”.

رۆژی شەممە 1-4-2017، پەرلەمانی عێراق لە دانیشتنێكدا بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی رەتکردەوە و بڕیاردرا تەنها ئاڵای عێراق لە شاری کەرکووک هەڵبکرێت. فراکسیۆنە کوردستانییەکانیش دانیشتنەکەیان بایكۆت کرد و دواتریش گرژی دروستبوو.

رێبوار تاڵەبانی، سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بەوەکالەت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، هەڵوێستی ئەنجومەنی پارێزگاکەی لەبارەی بڕیارەکەی پەرلەمانی عێراق ئاشکراکرد و گوتی “ئەو بڕیارە لە کەرکوک جێبەجێ ناکرێت، چونکە هەر بڕیارێک لە ئەنجومەنی نوێنەران دەربچێت، دادگای فیدراڵی خۆی بڕیاری داوە ناچێتە چوارچێوەی جێبەجێکردن، واتە لە پارێزگای کەرکوک جێبەجێ ناکرێت، بۆیە دڵخۆشی و دڵنەوایی دەدەمە شاری کەرکوک بەگشتی بەهەموو پێکهاتەکانییەوە، بڕیارێک لەسەر ئاستی تەنفیزی بێت، لەو شارانە جێبەجێ ناكرێت، كە خۆیان بڕیاردەدەن”.

تاڵەبانی، بە پشتبەستن بە دوو ماددەی دەستووری، یاسایی بوونی بڕیارەکەی ئەنجومەنی پارێزگای دووپاتكردەوە و گوتی “بڕیارەکەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک پاڵپشت بوو بە ماددەی 115 و 140ی دەستووری، بەپێی ماددەی 115 ئەو دەسەڵاتانەی کە لە دەسەڵاتی ئیتحادی نین، هەرێمەکان و پارێزگاکان مافیان هەیە بڕیاری بۆ دەربکەن، بەپێی ماددەی 140یش کەرکووک بە ناوچەی ناکۆکی لەسەر ناوی هاتووە، لەنێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی ئیتحادی، هەردوولا بۆیان هەیە ئاڵای خۆیان دابنێن، بۆیە ئێمە هیچ حاڵەتێکی نادەستووری و نایاساییمان نەکردووە، بەڵام پەرلەمانی عێراق لەکۆی 328 ئەندام بە 107 ئەندام بڕیارەکەی دەرکردووە”.

سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک، لە بارەی هەڵوێستی سەلیم جبوری، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق گوتی “ئەم بڕیارەی ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق تێپەڕکرا، پێچەوانەی هەموو بنەماکانی تەوافوقی سیاسییە، بەداخەوە بۆ سەرۆکی پەرلەمان، ئەویش ئەمڕۆ نەیتوانی بێلایەنانە ئەو بڕیارە پارسەنگ بکات و رای هەموو لایەنەکانی لەسەر وەربگرێت”.

ناوبراو سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی كرد لە بەغدا، کە لەبەرامبەر ئەو هەڵوێستەدا یەکدەنگ و یەکگرتوو بوون و گوتی “سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکان دەکەم کە بەڕاستی ئەمڕۆ سیمبولێکی زۆر جوان بوون بۆ هەموو کوردستانییەکان، بۆ یەکدەنگبوونیان لەسەر ئەو بابەتانەی سازشیان لەسەر ناکرێت و سەرەکین بۆ میللەتی کورد بەگشتی”.

رێبوار تاڵەبانی داوای لە سەرۆککۆماری عێراق کرد، واژۆ لەسەر ئەو بڕیارە نەکات و دەڵێت “بەوپێیەی لەکۆی 328 ئەندام 107 ئەندامی پەرلەمان دەنگیان لەسەر بڕیارەکە داوە، داوا لە سەرۆککۆماری عێراق دەکەین واژۆ لەسەر ئەو بڕیارە نەکات”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com