تایبه‌ت: نوچه‌نێت
ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نیت، بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان ناده‌ستورییه و ده‌شڵێت “له دادگای ئیتحادی تانه له بڕیاره‌كه ده‌ده‌ین”.
ئه‌مڕۆ شه‌ممه 1/4/2017 په‌رله‌مانی عێراق به زۆرینه‌ی ده‌نگ بریاری داگرتنی ئاڵای كوردستانی له كه‌ركوك ده‌ركرد و بریاری دا ته‌نها ئاڵای عێراق له‌سه‌ر بینا و باڵه‌خانه حكومییه‌كانی پارێزگای كه‌ركوك هه‌ڵبكرێت، سه‌رجه‌م په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراق بایكوتی دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراقیان كرد و هۆلی دانیشتنه‌كه‌یان بە جێهێشت و بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراقیان به ناده‌ستووری له‌قه‌ڵه‌مدا.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، محەمەد عوسمان، ئەندام په‌رله‌مانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتی، سه‌باره‌ت به بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مان بۆ داگرتنی ئاڵای كوردستان له پاریزگای كه‌ركوك رایگه‌یاند: ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له په‌له‌رمانی عێراق روویدا كارێكی ناده‌ستووری بوو، بۆیه به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه كوردییه‌كان دانیشتنه‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراقمان جێهێشت.
محمد عوسمان جه‌خت له‌وه ده‌كاته‌وه، كه بڕیاره‌كه‌ی په‌رله‌مانی عێراق ته‌واو ناده‌ستووری بوو، به‌و پێیه‌ی زۆر به روونی له مادده‌ی 140ی ده‌ستووری عێراقدا پارێزگای كه‌ركوك، به ناوچه‌ی كێشه له‌سه‌ر ناوی هاتووه و هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌ریم و عێراق، ده‌توانن ئاڵای خۆیانی لێهه‌ڵبكه‌ن و به هاوبه‌شی شاره‌كه به‌ڕێوه ببه‌ن، هه‌تا مادده‌ی 140 جێبه‌جێ ده‌كرێت.
ئه‌و په‌رله‌مانتاره كورده روونیشی ده‌كاته‌وه، کە له دادگای ئیتحادی تانه له بڕیاره‌كه‌ی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی عێراق ده‌ده‌ین. هەروەها دڵنیایی دایه دانیشتوانی كه‌ركوك و هه‌ریمی كوردستان و گوتی، ناهێڵین كه‌س ئاڵای كوردستان دابگرێت، كێ له خۆی راده‌بینێت با تاقی بكاته‌وه.