یەکێتی پشتیوانی خۆی بۆ ریفراندۆمی سەربەخۆیی راگەیاند

0

نوچەنێت
مەکتەبی سیاسی یەکێتی ئەمڕۆ شەممە 1-4-2017 کۆبووەوە و لە راگەیێندراوی کۆبوونەوەکە پشتیوانی لە گشتپرسی دەردەبڕن و رایانگەیاند: “سه‌ردانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی دیکە دەکەین، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌كی كوردستانی تایبه‌ت بە هه‌نگاونانی كرداری بۆ جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان”.

دەقی راگەیێندراوەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی

سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مڕۆ (1/4/2017) به‌سه‌رپه‌ره‌شتی هه‌ڤاڵ كۆسره‌ت ره‌سوڵ عه‌لی جێگری سكرتێری گشتی، كۆبونه‌وه‌ی ئاسایی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان له‌باره‌گای مه‌كته‌بی سیاسی له‌ سلێمانی به‌ڕێوه‌چوو. 

 له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا دۆخی كوردستان و عیراق و پێشهاته‌كانی ناوچه‌كه‌، له‌به‌ر رۆشنایی سیاسه‌تی گشتی یه‌كێتی و به‌رژه‌وه‌ندی باڵای گه‌لی كوردستان، به‌وردی تاوتوێ كران و بڕیارو راسپارده‌ی پێویستیان له‌باره‌وه‌ وه‌رگیرا. مه‌كته‌بی سیاسی جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌:

– دوای ئه‌وه‌ی نه‌خشه‌ رێگای یه‌كێتی له‌ مه‌كته‌بی سیاسی و ئه‌نجومه‌نی سه‌ركردایه‌تی و ئه‌نجومه‌نی ناوه‌ندی په‌سه‌ندكرا، له‌كۆبونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی دا كۆتا بڕیاری لێدراو ده‌بێته‌ نه‌خشه‌ رێگای یه‌كێتی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ و قه‌یرانه‌كان.

– سه‌ربه‌خۆیی مافێكی دیموكراسیانه‌و ره‌وای گه‌لی كوردستانه‌، ریفراندۆم بۆ سه‌ربه‌خۆیی، وه‌ك مافی چاره‌نوسی گه‌لی  كوردستان له‌ هه‌رێم و ناوچه‌ كوردستانیه‌كانی تر، ئامانجی له‌مێژینه‌ی یه‌كێتی-یه‌ و بۆ به‌دیهێنانیشی یه‌كێتی خه‌باتی سیاسی و دیموكراتی و ئاشتیانه‌ی خۆی درێژه‌ پێده‌دات.

– بڕیاردرا وه‌فدی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان سه‌ردانی پارتی دیموكراتی كوردستان و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانی تر بكات، به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن بۆ پێكهێنانی كۆمیته‌یه‌كی كوردستانی تایبه‌ت، كه‌ پێكبێت له‌ نوێنه‌رانی لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان و پێكهاته‌كانی گه‌لی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی هه‌نگاونانی كرداری بۆ جێبه‌جێكردنی قۆناغه‌كانی ریفراندۆم و پرسی سه‌ربه‌خۆیی كوردستان.

كۆبونه‌وه‌كانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان به‌رده‌وامییان ده‌بێ بۆ تاوتوێ كردن و بڕیاردان له‌سه‌ر پرسه‌ گرنگه‌كان.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com