نوچەنێت-رووداو
لە سەرەتاکانی ئەم مانگە کۆمپانیای روسنەفت دەست بە بارکردنی یەکەم نەوتی کوردستان دەکات بۆ پاڵاوگەکانی لە ئەوروپا و دەبێتە یەکەم کۆمپانیای نێودەوڵەتی نەوت، کە راستەوخۆ نەوتی هەرێمی کوردستان دەکڕێت.
رۆژی سێشەممە 21-2-2017، لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی هەفتەی نەوتی لەندەن، گرێبەستێک لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و روسنەفت، کۆمپانیای حکومی نەوتی رووسیا واژۆکرا. بەپێی گرێبەستەکە کۆمپانیای روسنەفت بۆ ماوەی سێ ساڵ (2017، 2018 و 2019 ) نەوتی هەرێمی کورستان دەکڕێت. بەوپێیە لە مێژووی نەوتی هەرێمی کوردستاندا، بۆ یەکەمجارە کۆمپانیایەکی نێودەوڵەتیی نەوت کە پێگەیەکی بەهێزی لە پیشەسازی نەوت لە جیهاندا هەیە، رێککەوتنێکی درێژخایەن لەگەڵ هەرێمی کوردستاندا دەکات.
پێشتر نەوتی هەرێمی کوردستان تەنیا لە رێی کۆمپانیا بازرگانییەکانی نەوتەوە دەفرۆشرا، بەڵام هاتنی کۆمپانیای روسنەفت بۆ جەرگەی کڕیارانی نەوتی هەرێمی کوردستان بەپێی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، بەمانای زیادبوونی متمانەیە بە نەوتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕدا.
کەشتی نەوتهەڵگری مینێرڤا سۆفیا لە سەرەتاکانی ئەم مانگەوە نەوتی هەرێمی کوردستان لە بەندەری جەیهانی تورکیا دەگوازێتەوە بۆ ئیتاڵیا و لەوێشەوە بە بۆڕی دەگوازرێتەوە بۆ پاڵاوگەی کۆمپانیای روسنەفت لە ئەڵمانیا.
دوای ئەوەی گرێبەستی کۆمپانیای روسنەفت لەگەڵ کۆمپانیای بی پی لە ساڵی رابردوو کۆتایی پێهات، ئێستا ئەو کۆمپانیایە پێویستی بە دابینکردنی نەوتی سووکی پاڵاوگەکانیەتی لە ئەوروپا بەتایبەت پاڵاوگەکەی لە ئەڵمانیا.