سەرۆکی هەرێم بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری پەیامێک بڵاودەکاتەوە

0

نوچەنێت
سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بەبۆنەی سەری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری، پیرۆزبایی لە گەلی کلدان، سریان و ئاشووری کوردستان و عێراق و جیهان  دەکات و رایدەگەیەنێت “كوردستان وڵاتی هەموومانە و لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە و لەدژی تیرۆر و جیاكاری لە یەك بەرەداین”.

دەقی پەیامەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان

به‌ناوی خوای گه‌وره‌ و میهره‌بان

به‌بۆنه‌ی سه‌ری ساڵی نوێی بابلی ئاشووری و جەژنەکانی ئەکیتۆ، گەرمترین پیرۆزبایی خۆم ئاراسته‌ی گەلی كلدان سریان ئاشووری لە كوردستان و عێراق و هەموو جیهان ده‌كه‌م. هیوادارم ئەو بۆنەیە و سەری ساڵی تازەی ئاشووری بابلی دەستپێكێكی تازە بێت بۆ نەهێشتنی یەكجارەكیی ئەو ئازار و نەهامەتییانە كە لە ئەنجامی هزری تووندڕۆیی و پەلاماری تیرۆریستان هاتووەتە ئاراوە.

لەم بۆنەیەدا ئەوە بۆ خوشك و برایانی گەلی كلدان سریان ئاشووری دووپاتدەكەمەوە كە كوردستان وڵاتی هەموومانە و لە خۆشی و ناخۆشیدا یەك چارەنووسمان هەیە و لەدژی تیرۆر و جیاكاری لە یەك بەرەداین. پێویستە فەرهەنگی پێكەوەژیان و برایەتیی نێوان هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەییەكان پارێزراو بێت و قووڵتر ببێت و لە كوردستاندا هزری تووندڕۆیی و تایفەگەری و نكۆڵیكاری جێگەی نابێتەوە.

ئومێد دەكەم هەموو ئەو خوشك و برایانەی لە ژیانی ئاوارەییدان بە زووترین كات بە سەربەرزی بگەڕێنەوە ناوچەكانیان و داهاتوویان گەرەنتی ببێت.

هیوادارم ئاشتی و ئاسوودەیی بۆ عێراق و ناوچەكە بگەڕێتەوە و ئێوەی ئازیزیش بگەنە مافە رەواكانتان و لە سایەی ئازادی و ئارامیدا جەژنەكانتان بگێڕن.

مەسعود بارزانی
31ـ 3ـ 2017

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com