بارزانی بۆ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان: لە ئاییندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت

0

نوچەنێت
سەرۆکایەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، لە کۆبوونەوەی لەگەڵ سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان بارزانی رایگەیاندووە “لە ئاییندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی”.

رۆژی پێنجشەممە 30ـ 3ـ 2017 مەسعود بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر ، پێشوازی لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و شاندێكی یاوەری كرد و پاش بەخێرهێنانی لە شاری هەولێر لەگەڵیدا كۆبووەوە.

بە گوێرەی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە كۆبوونەوەكەدا، سكرتێری گشتی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان سوپاسی بارزانی و گەلی كوردستانی كرد كە “سەرباری بوونی كێشە و تەحەدیات میوانداریی سەدان هەزار ئاوارەیان كردووە و رێز و پێزانینی خۆیشی بۆ پێشمەرگە نیشاندا كە بە چەك و ئیمكانیاتی كەم پەلاماری تیرۆریستانیان تێكشكاند و جیهان بە سەرسامی و رێزەوە سەیری رۆڵی پێشمەرگە و گەلی كوردستان دەكات”. 

سکرتێری گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان ئەوەیشی خستەڕوو “كە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بووە ، هەموو هەوڵێكم دەخەمەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا”.

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئامادەیی رێكخراوەكەیانی بۆ هەماهەنگی و هاوكاریی لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان و هەرێمی كوردستان خستەڕوو  “بۆ چارەسەر كردنی كێشەكان بە تایبەت لە قۆناغی دوای داعش”.

لە بەرامبەردا، سەرۆكی هەرێمی کوردستان هاتنی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکانی بۆ كوردستان بە جێگەی دڵگەرمیی خەڵكی كوردستان ناوبرد و رایگەیاند: “یارمەتیدانی ئاوارەكان ئەركێكی مرۆیی و نیشتیمانییە، لە ژێر هیچ پاساوێك نەدەكرا ئەو ئەركە جێبەجێ نەكەین”. 

بارزانی لە کۆبوونەوەکەدا باسی لە رووبەڕووبوونەوەی “پێشمەرگە و تیرۆریستان” كرد و ئاماژەی بەوەدا كە جێگەی شانازییە ئەفسانەی داعش لەسەر دەستی پێشمەرگە تێكشكاوە. 

 سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها، سوپاسی هێزی هاوپەیمانان و رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد، كە یارمەتیی هەرێمی كوردستانیان داوە. خۆشحاڵی خۆیشی نیشاندا، كە هەماهەنگییەكی باش لە رووی ئەمنی و سەربازییەوە لەنێوان هێزی پێشمەرگە و هێزەكانی سوپای عێراقیدا هەیە و سەركەوتنی گەورەی لێكەوتووەتەوە. 

لەبارەی داهاتووی هەرێمی كوردستان، بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە “لە ئاییندەیەكی نزیكدا ریفراندۆم ئەنجام دەدرێت بۆ ئەوەی جیهان ئاگاداری ویست و بڕیاری خەڵكی كوردستان بێت لەبارەی دواڕۆژی خۆی.”

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com