نوچەنێت: تایبەت
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان رایدەگەیەنێت، هەڵکردنی ئاڵای کوردستان بۆ دژایەتیکردنی ئاڵای تورکمان نییە لە کەرکوك و دەڵێت” هەندێك لایەنی تورکمانی ئەم کێشەیەیان لە قەبارەی خۆی گەورەترکردووە”.
رۆژی سێشەممە 28-3-2017 ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبووەوە و تیایدا بە زۆرینەی دەنگ،بڕیاری هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی لەسەر باڵەخانەى دامودەزگاکانی کەرکوک پەسەند کرد، هەردوو کوتلەی عەرەبی و بەرەی تورکمانی بایکۆتی دانیشتنەکەیان کرد. دوتر کاردانەوی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، بەشێک لە تورکمانەکانی کەرکوک لە بەردەم بینای ئەنجومەنی پارێزگا خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و ناڕەزایەتی خۆیان دەربڕی.
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد ئیلخانی، سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان و ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوك رایگەیاند: هەڵکردنی ئاڵای کوردستان شتێکی زۆر ئاساییە و بۆ دژایەتیکردنی ئاڵای تورکمان نییە لە کەرکوك، لەپاڵ ئاڵای عێراق دانراوە و ئاڵای کوردستانیش ئاڵایەکی عێراقیە، بەڵام هەندێك لایەنی تورکمانی، ئەم بابەتەکەیان لە قەبارەی خۆی گەورەترکردووە.
سەرۆکی پارتی گەشەپێدانی تورکمان، پێی باشە تورکمانەکان خۆیان نەکەنە لایەن لەململانێی نێوان هەرێم و بەغدا، لەسەر ناوچە کێشە لەسەرەکان و دەڵێت “ئەوان وەکو پێکهاتەیەکی رەسەنی هەرێم و عێراقن، با تورکمانەکان خۆیان لە ریفراندۆم یەکلایی بکەنەوە، بەڵام دژایەتیکردنی ئاڵای کوردستان، کێشەکان چارەسەر ناکات و لەبەرژەوەندی تورکمان نییە، هیواداریشم ئەم کێشەیە بە تەوافوق و لێك تێگەیشتن چارە سەربکرێت”.
محەمەد ئیلخانی گوتیشی “ئێمە وەکو حزبێکی تورکمانی هەتا ئێستا تێناگەین ئەو لایەنە تورکمانیەی لەکەرکوك، کە دژایەتی هەڵکردنی ئاڵای کوردستانی کرد، چی دەوێت و مەبەستی چییە! دەشپرسێت، ئەگەر ئاڵای کوردستان لەکەرکوك هەبێت، زەرەر و زیانەکانی بۆ پێکهاتەی تورکمانی چییە؟ کە تائێستا هەبووە جگە لە فەرمانگە حکومیەکان”.
هەروەها ناوبراو ئاماژە بەوە دەدات، ئەو لایەنە تورکمانیانەی، کە دژایەتی ئاڵای کوردستان دەکەن، ئەگەر هەر لایەنێکی تورکمانی پشتگیری لە دەستکەوتەکانی خەڵکی تورکمان و ئاڵای کوردستان بکات، ئەوان بە خیانەتکار لە قەڵەمی دەدەن.
ئیلخانی دەشڵێت “ئێمە بە پێچەوانەی بۆچوونی ئەوانەوە، ئەگەر لەگەڵ لایەنێکی عەرەبی شیعە هاوپەیمان بن و پشتگیری لە ئاڵای عێراق بکەن، کە تائێستا چەوسێندراونەتەوە و بە هەزاران شەهیدمان داوە، هیچ مافێکی پێکهاتەکان نەدراوە لەژێر ئەو ئاڵایەی ئەوان بەرگری لێدەکەن، سەرەڕای ئەوەش، ئێمە هیچ کاتێك ئەوانمان بەخیانەت کار ناو نەبردووە و دەڵێین، ئەوە ئازادی بیروڕایە، ئەوانیش پێویستە بەم شێوازە کاربکەن”.