نێچیرڤان بارزانی پەیامێک ئاراستەی کەرکوکیەکان دەکات

0

نوچەنێت
سەرۆكوه‌زیرانى هەرێمی كوردستان، بەبۆنەی پەسەندكردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە پەیامێکدا “هەڵكردنی ئاڵای كوردستان، پاراستنی پێكەوەژیان و هاوبەشیكردنی هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای كەركوكدا بەهێزتر دەكات”.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، لەبارەی هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەکەرکوک بە بڕیاری ئەنجومەنی ئەو پاریزگایە، پەیامێک بۆ پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و خەڵکی کەرکوک دەنێرێت و رایدەگەیەنێت “خەڵكی كەركوك له‌ هێرشی داعش پارێزران و دەیان هەزار ئاوارەی شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عێراق و دەزگاكانی حكومەت لەو پارێزگایەدا، بەبێ جیاوازی لەلایەن پێشمەرگەوە لەژێر ئاڵای كوردستاندا پارێزران”.

ئەمە دەقی پەیامه‌كه‌یه‌:

بەڕێزان: پارێزگار و ئەنجومەنی پارێزگا و هەموو پێكهاتەكانی پارێزگای كەركوك،

بەبۆنەی پەسەندكردنی بڕیاری هەڵكردنی ئاڵای كوردستانه‌وه‌ لە دەزگا حكوومییەكانی پارێزگای كەركووك لەگەڵ ئاڵای عیراقی فیدرالیدا، پیرۆزباییتان لێدەكەم و لەو باوەڕەدام ئەوە گیانی پاراستنی پێكەوەژیان و فراوانكردنی هاوبەشیكردنی زیاتری هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی پارێزگای كەركووكدا بەهێزتر دەكات.

بە هەڵواسراوی هێشتنەوەی كێشەی كەركووك و ناوچەكانی مادەی 140ی دەستووری عیراق بە درێژاییی 14 ساڵی ڕابردوو لەلایەن لایەنە باڵادەستەكانی حكوومەتی عیراقەوە، كه‌ بۆ مه‌رامى سیاسی و دروستنەبوونی سەقامگیری و بۆ ئه‌وه‌ بووه‌ كێشەی چارەنووسی ئەو ناوچانە بە چارەسەرنەكراوی بمێنێتەوە، هەمیشە بە زاناییی سەركردایەتیی سیاسیی كوردستان، سەقامگیرییەكەی پارێزراوە، ئه‌وه‌ش بۆ ئه‌وه‌ى نه‌بێته‌ هۆى ئاڵۆزی لەنێوان پێكهاتەكانی پارێزگای كەركووكدا و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ پاڵی پێوە نەنرێت.

هەروەها سەركردایەتی سیاسیی كوردستان، له‌ سه‌رده‌مى ئۆپۆزیسیۆن و لە ڕۆژەكانی نووسینەوەی دەستووری عیراقیشدا، بە شایەتی هەموو لایەك بە ئەندازەی كورد، بەرگرییان لە مافی هەموو پێكهاتەكانی دیكه‌ى كەركوك كردووە.

لە هەمان كاتدا له‌دوای ڕووخاندنی ڕژێمی بەعسه‌وه‌، هەمیشە كە خەڵكی كەركوك لەبەردەم هێزە تیرۆریستییەكاندا تەنیا جێهڵدراوە، پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەكانی كوردستان، كەركوكیان پاراستووە، كە دواترینیان لە كاتی هێرشی داعشدا بوو لە ساڵی 2014.

شكست و پاشه‌كشەی سوپای عیراق لە كەركوك و دەورووبەری زۆر خێراتر بوو لە پاشەكشە و شكستەكەی لە موسڵ، بەڵام بە هۆی بەهاناوەچوونی دەمودەستی پێشمەرگە و بەرگریی هێزەكانی ئاسایش، خەڵكی كەركوك له‌ هێرشی داعش پارێزران و دەیان هەزار ئاوارەی شارەكانی دیكەی ناوەڕاستی عێراق و دەزگاكانی حكومەت لەو پارێزگایەدا، بەبێ جیاوازی لەلایەن پێشمەرگەوە لەژێر ئاڵای كوردستاندا پارێزران.

لەناو دەورووبەرێكی پڕ لە ململانێی لەو شێوەیەدا لە عێراق، حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی پارێزگای كەركوك، نمونەیەكی باڵای پێكەوەژیان و دوورگرتنی ناوچەكەیان لە ململانێ و شەڕی تایفی، نیشان داوە.

لەو باوەڕەداین دوای ئەو بڕیارە فەرمی و ڕەوایەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، هەنگاوەكانی فراوانتربوونی هاوبەشیكردنی هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی ئیدارەی كەركوكدا بەهێزتر دەبن و دڵنیایی دەدەینە هەموو لایەك، كە پێكەوەژیانی ئاشتیانە و هاوشان و یەكسان، بنەمایەكی قووڵە لە باوەڕی هەموو خەڵكی كوردستاندا.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وه‌زیرانى هەرێمی كوردستان
29/3/2017 

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com