لە هەولێر گردبوونەوەیەک بۆ پشتگیری لە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لە کەرکوک ئەنجامدرا

0

نوچەنێت
بۆ پشتگیرى بڕیاری هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە کەرکوک ژمارەیەک رێکخراو و چالاکى مەدەنى لە بەردەم نوسینگەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر گردبوونەوە و داوایانکردووە لە داهاتوودا  رێکخراوەکە رۆڵێکى باشتر بگێڕێت و بێلایەن بێت لەو کەیسەدا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 26-3-2017، ژمارەیەک لە رێکخراوە مەدەنییەکان و چالاکان و هاوڵاتییان  لە بەردەم  نوسینەگەى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر بۆ پشتگیریکردن لە هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە  کەرکوک گردبوونەوە و داوایانکرد، نەتەوەیەکگرتووەکان بێلایەن بێت لەو کەیسەدا.

ئەو چالاکانە رایانگەیاند “لە ماوەى ڕابردوودا نەتەوەیەکگرتووەکان لە نامەیەکدا  ناهاوسەنگانە لایەنگیری لایەنە دژ بە کوردەکانى کردووە، کە ئەمەش دوورە لە پرەنسیپی بێلایەنى رێکخراوەکە و دەبوایە ئەوان هەوڵیانبدایە لایەنە ناکۆکەکان رێکبخەن نەوەک بەو شێوازە دەستتێوەردان لە کاروبارى ناوخۆى عێراق بکەن”.

هاوکات نوێنەرانی گردبوونەوەکەش یاداشتنى ناڕەزاییان دایە نوێنەرى نەتەوەیەکگرتووەکان لە هەولێر و داوایانکردووە لە داهاتوودا  ڕێکخراوەکە ڕۆڵێکى باشتر بگێڕێت.

ئەوە لەکاتێکدایە نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، بە نوسراوێک کە بە فەرمی لە 14-3-2017 دا ئاراستەی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوکی کرد، داوایکردووە ئاڵای کوردستان لە پاڵ ئاڵای عێراقدا لە سەرجەم فەرمانگە حکومییەکانی پارێزگاکە هەڵبکەن.

نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتوەکان “یۆنامی” نیگەرانی خۆی دەربڕی سەبارەت بە بڕیاری ئەم دواییەی نەجمەدین کەریم پارێزگاری کەرکوک، بە هەڵکردنی ئاڵای کوردستان لەسەر قەڵای کەرکوک.

 لە بەیاننامەیەکدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، حکومەتی عێراق بە گوێرەی دەستور پێشتر ئاماژەی بەوەکردووە، شاری کەرکوک لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی حکومەتی فیدراڵیدایە و نابێت بێ ئاگاداری ئەو جگە لە ئاڵای عێراق هیچ ئاڵایەک لە پارێزگاکە هەڵبکرێت.

لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا یۆنامی هۆشداریداوە لە هەر هەنگاوێکی تاک لایەنانە، کە ببێتە هۆی مەترسی بۆسەر ئەو پێکەوە ژیانی ئاشتیانەیەی کە لە کەرکوکدا لەنێوان پێکهاتەکانی ئەو شارەدا هەیە، بەو پێیەی کەرکوک شوێنی پێکەوەژیان و کاری هاوبەشە لە قۆناغی دوای داعش و کارکردن بۆ بنیاتنانی گیانی یەکڕیزی و هاوکاری لەنێوان سەرجەم پێکهاتەکانی شارەکە لە جەنگی دژی داعش.

لە کۆتایی بەیاننامەکەدا نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستایشی قوربانیدانی گەلی عێراقی کردووە بە تایبەت ئەو سەرکەوتنانەی کە کورد و پێشمەرگە شان بە شانی هێزەکانی سوپای عێراق تۆماریانکردووە.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com