نوچەنێت
ژمارەیەک مامۆستا لە هەولێر دژی بڕیارێکی خوێندنی باڵا گردبوونەوەی ناڕەزاییان ئەنجامدا بۆ ئەژمارکردنی نمرەی وانەی کوردی پۆلی 12 بەشێوەیەکی ئارەزوومەندانە.
ئەمڕۆ 26-3-2017، ژمارەیەک مامۆستا و رێکخراوی ناحکومی و هاوڵاتی لە هەولێر گردبوونەوەی ناڕەزاییان دژی بڕیارەکەی خوێندنی باڵا ئەنجامدا و داوایان لە وەزارەت کرد، کە بڕیارەکە هەڵبووەشێنێتەوە.
رۆژی 9-3-2017، وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا لە ئەمساڵەوە ئەژمارکردنی نمرەی وانەکانی (زمانی کوردى و عەرەبى) بۆ دەرچوانى پۆلی 12 لەکاتی پێشکەشکردن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان ئارەزومەندانە بێت، هاوکات بڕیارەکەش ناڕەزایی بەشێک لە مامۆستایان و هاوڵاتیانی بەدوای خۆیدا هێنا.
بەپێی بڕیارەکە، دەرچوانی پۆلی 12ی ئامادەیی کاتێک داواکاری پێشکەش دەکەن بۆ کۆلێژە پزشکى و ئەندازیارى و زانستیەکان سەرپشک دەکرێن لەوەی، کە ئایا دەیانەوێت نمرەی تاقیکردنەوەکانی زمانی کوردی و عەرەبیان بۆ ئەژمار بکرێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتێکدا دەبێت بەشداری تاقیکردنەوەی هەردوو وانەی زمانی کوردی و عەرەبیان کردبێت و لە تاقیکردنەوەکە دەرچووبن، جێگەی ئاماژە پێکردنە کە ئەم بڕیارە لە ئەمساڵەوە جێبەجێ دەکرێت.
هەروەها لەو بارەیەوە عەباس ئەکرەم، گوتەبێژی خوێندنی باڵا ئامانجی بڕیارەکەیان لەبارەی وانەی کوردی پۆلی 12 بۆ ئەوەیە، کە خوێندکار وردتر ئەو بابەتە هەڵبژێرێت، کە دەیەوێت و زیاتر خۆی بۆ تەرخانبکات، گوتیشی بڕیارەکەی وەزارەتی خوێندنی باڵا دژی زمانی کوردی نییە، هەروەها ڕەتیکردەوە کە ئەو بڕیارە بۆ پەراوێزخستنی زمانی کوردی بێت.