نوچەنێت: تایبەت
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم رایدەگەیەنێت، ژمارەی هاتنی گەشتایار بۆ هەرێمی کوردستان، بەراورد بە نەورۆزی ساڵی رابردوو زیادی کردووە.
ساڵانە بەهۆی هاتنی وەرزی بەهار، ژمارەیەکی زۆر لە گەشتیار روو لە باشوری کوردستان دەکەن، بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش، ئەو گەشتارانەی روو لە هەرێم دەکەن، بە زۆری لەناوەڕاست و باشوری عێراق و رۆژ هەڵاتی کوردستانەوە دێن.
لەلێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، نادر رۆستی، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، لەبارەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان، لە رۆژانی نەورۆزدا رایگەیاند: بە شێوەیەکی گشتی ژمارەی هاتنی گەشتیار بۆ هەرێمی کوردستان بەراورد بە نەورۆزی ساڵی رابردوو زیادی کردووە، کە نزیکەی 110 هەزار بووە، لە دوو رۆژی داهاتوویشدا سەرجەم ئامارەکان کۆدەکەینەوە، هەموو رێنماییەکی پێویستیش دراوە بە شوێنە گەشتوگوزاریەکان.
نادر رۆستی گوتیشی “ئەمساڵ دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، بۆ وەرزی بەهار، بەگشتی و بە تایبەتی نەورۆز، زیاتر لە 100 ملیۆن دینار، کە داهاتی گەشتیاری بوو، تەرخانکرایەوە بۆ پاککردنەوە و رێکخستنەوەی سەیرانگا و شوێنەکانی سەیرانکردن”.
ئەو گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم، نیگەرانە لەوەی، کە بەشێك لە هاوڵاتیان لەدوای سەیرانکردن زبڵ و خاشاك و پاشماوە لە سەیرانگاکان بەجێ دهێڵن و پاکوخاوێنی سەیرانگاکان ناپارێزن و دەڵێت “ئەمە دەبێتە هۆی نیگەرانی و دوورکەوتنەوەی گەشتیار و زیانێکی زۆریش بە کەرتی گەشتیاری دەگەیەنێت، بۆیە ئێمە بەردەوام رێنماییمان هەیە و هاوکارین بۆ دەزگاکانی تر، کە هاوڵاتیان ئەم شوێنانە بپارێزن”.