نوچەنێت
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات، کە ئەمساڵ گشتپرسی لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت و ئامادەیی دەربڕی بۆ کردنەوەی بنکەی سەربازی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ رۆژنامەی تایمز ریکۆرد نیوزی ئەمریکی رایگەیاند، بەڕێوەچوونی گشپرسییەکە گرنگە بۆ ئەوەی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بزانێت خەڵکی هەرێمی کوردستان چ بژاردەیەکی بەلاوە پەسەندە، سەربەخۆیی یان مانەوە لە چوارچێوەی عێراقدا.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، هەولێر دەیەوێت لە رێی دیالۆگەوە کێشەکانی لەگەڵ بەغدا چارەسەر بکات و بە لێکتێگەیشتن لەیەکتری جیاببنەوە، بەڵام نایشیشارێتەوە، کە تاوەکو ئێستا دانوستاندنەکان لەو بوارەوە ئەنجامێکی ئەوتۆیان نەبووە.
نێچیرڤان بارزانی دەڵێت “ئەنجامەکە واتای ئەوە ناگەیەنێت راستەوخۆ سەربەخۆیی رادەگەیێنین بەڵام گشتپرسیەکە ویستی خەڵک بە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیشاندەدات”.
دەربارەی رەوشی عێراق، بارزانی گوتی “لە ماوەی دوو ساڵ و نیوی رابردوودا، گۆڕانکاری گەورە لە عێراقدا هاتووەتە ئاراوە و چیدیکە عێراق وڵاتەکەی پێش هاتنی داعش نییە”.
سەبارەت بە باسکردنی ئەو پرسە لەگەڵ تورکیا، سەرۆکوەزیرانی هەرێم رایگەیاند “تاوەکو ئێستا بە فەرمی بابەتی سەربەخۆییمان لەگەڵ تورکیا باس نەکردووە، باوەڕمان وایە بەرپرسانی تورکیا ئامادەن گوێ بۆ ئەم بابەتە بگرن”.
لەبەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا ، بارزانی باسی لە بنکەی سەربازی ئەمریکا کرد لە هەرێمی کوردستان و گوتی “ئەگەر ئەمریکا پێویستی بە بنکەی سەربازییە لە کوردستان، ئەوا سەرکردایەتی کوردستان پێشوازی لێدەکات”.
هەروەها بارزانی ئاماژەوە بەوە دەدات، کە “ئەگەر ئەمریکا عێراقێکی یەکگرتووی دەوێت، ئەوا ئەو وڵاتە بە کرداری نەماوە و ئەگەر ئارامی دەوێت، ئەوا دەبێت لەگەڵ پرسی سەرەکی کوردستان مامەڵە بکات”.