نوچەنێت
وەزیری تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەمەودوا چارەسەری زیندانیانی سیاسی و بریندارانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان لە سەنتەرەکانی دڵ و گشت دامودەزگا تەندروستییەکان بێ بەرامبەر بێت.
د.رێکەوت حەمەڕەشید، وەزیرەی تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لاپەڕەی تایبەتیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک ئاشکرای کردووە، بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی لەمەودوا زیندانیانی سیاسی و بریندارانی چەکی کیمیایی و کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان بە خۆڕایی لە سەنتەرەکانی دڵ و گشت دامودەزگا تەندروستییەکان بێ بەرامبەر چارەسەر وەردەگرن.
هەروەها بەپێی نووسراوێکی وەزارەتی تەندروستی، کە واژۆی د.رێکەوت حەمەڕەشید وەزیری تەدنروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستانی لەسەرە و ئاماژە بە ژمارەی بڕیاری ئەنجەمەنی وەزیرانیش کراوە، هاتووە ” لەمەودوا کەسوکاری پلە یەکی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی لە سەنتەرەکانی دڵ و هەموو دامودەزگا تەندروستتەیکان بێبەرانبەر دەبێت.”
لە بەشێکی دیکەی نامەکەی وەزیری تەندروستیدا هاتووە، 20٪ لیستی نەشتەرگەری بۆ ئەوان تەرخان بکرێت، هەروەها بریندارانی چەکی کیمیایی و ئەوانەی چارەسەریان نییە بە رازەمەندیی ئەنجومەنی وەزیران راوانەی دەرەوە بکرێن. داوا لە بەڕێوبەرایەتییە گشتییەکان دەکەم، بە زووترین کات ئەم فەرمانە جێبەجێ بکەن.
