نوچەنێت
سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان لە بارەی کردەوە تیرۆرستییەکەی بەریتانیا رایگەیاند، زۆر بەتوندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییە دەكەین.
رۆژی چوارشەممە 22-3-2017، لە نزیک پەرلەمانی بەریتانیا کەسێک بە چەقۆ هێرشی کردە سەر پۆلیسێک و بەپێی میدیاکانی ئەو وڵاتە “تەقە لە هێرشبەرەکە کراوە و پاشان کوژراوە”. دواتریش هێزە ئەمنییەکان لەنزیک پەرلەمان بڵاوەیان پێکرا. بەهۆی رووداوەکەش چوار کەس کوژران و 20 کەس دیکەش برینداربوون.
سەرۆكایەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی سەبارەت بە هێرشەکەی نزیک پەرلەمانی بەریتانیا بڵاوکردەوە و رایگەیاند “ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆرستییە دەكەین، كە ژیان و ئاسوودەیی هاوڵاتیانی كردووەتە ئامانج”.
لە بەشێکی راگەیێندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە ”زۆر بە تووندی ئیدانەی ئەو كردەوە تیرۆریستییە دەكەین، كە ژیان و ئاسوودەیی هاوڵاتیانی كردووەتە ئامانج. لە هەمانكاتیشدا سەرەخۆشی لە كەسوكاری قوربانیانی ئەو هێرشە دەكەین و هیوای چاكبوونەوە بۆ برینداران دەخوازین”.