سه‌در: مالكی هه‌وڵی به شیعه‌كردنی عێراق ده‌دات..كورد چه‌ته‌ی نه‌وت نییه‌و سوننه‌ش تیرۆریست نییه
نوچەنێت. ئێن ئارتی
موقته‌دا سه‌در سه‌رۆكی ره‌وتی سه‌در هێرشێكی توندیكرده سه‌ر نوری مالكی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و به‌هه‌وڵدان بۆ به‌شیعه‌كردنی عێراق تۆمه‌تباریكرد.
سه‌در له وه‌ڵامی پرسیاری یه‌كێك له لایه‌نگرانیدا سه‌باره‌ت به رۆیشتنی بۆ هه‌ولێر بۆ بینینی بارزانی و لایه‌نه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی حكومه‌ت كه ئایا لاوازی شیعه‌كانی لێناكه‌وێته‌وه، رایگه‌یاندووه “هه‌ڵسوكه‌وته‌كانی حكومه‌ت زیانی به ماڵی شیعه گه‌یاندووه نه‌ك سه‌ردانه‌كه‌ی من بۆ هه‌ولێر”.
هه‌روه‌ها ده‌ڵێت “رووی قسه‌م ده‌كه‌مه نوری مالیكی كه شیعه‌گه‌رایی كردووه‌ته ئامانج، پێیده‌ڵێم پاراستنی شیعه‌كان له‌پاراستنی عێراقدایه…حكومه‌ته‌كان ده‌ڕۆن به‌ڵام گه‌له‌كان ده‌مێننه‌وه”.
سه‌در داواش له مالكی ده‌كات خوێنی سه‌درو وتاری سه‌دری یه‌كه‌م له‌بیرنه‌كات كه وتبووی له‌وه‌ته‌ی هه‌یه خۆی ته‌رخانكردووه بۆ پاراستنی شیعه‌و سوننه‌و عه‌ره‌ب و كورد به‌بێ جیاوازی. جه‌ختیشيكردووه‌ته‌وه كه ئامانج له به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سوننه‌و كورد له‌م كاته‌دا بۆ ئه‌وه‌یه شیعه له‌عێراقدا مه‌ترسی دیكتاتۆریه‌تی له‌سه‌ر نه‌بێت و ناوبانگی شیعه‌گه‌رایی نه‌زڕێت.
سه‌در به‌رگری له كورد و سوننه‌ش ده‌كات و ده‌ڵێت “هه‌ندێك لایه‌ن ده‌یانه‌وێت كورد‌و سوننه به چه‌ته‌ی نه‌وت و تیرۆریست ناوببه‌ن، به‌ڵام نه‌كورد چه‌ته‌ی نه‌وته‌و نه‌سوننه‌ش تیرۆریسته”.