نوچەنێت
گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە سۆران رایگەیاند، پیاوێک هاوژینەکەى داوەتە بەر دەستڕێژى گوللە و بریندارى کردووە و هەڵهاتووە.
شێرزاد خالید، گوتەبێژی بەڕێوەبەرێتى بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بە (ئێن ئاڕ تى) راگەیاندووە “شەوی 20-3-2017، پیاوێک هاوسەرەکەى دەدات بەر دەستڕێژی گوللە لە قەزاى سۆرانى سەر بە پارێزگاى هەولێر و بریندارى دەکات”.
شێرزاد خالید گوتى “دواى ئەوەى ژنەکە بە بریندارى رەوانەى نەخۆشخانەى ئاشتى لە سۆران کراوە و دەرکەوت، کە چوار گوللەى بەرکەوتووە و لە ئێستاشدا چارەسەرى پێویستى بۆ کراوە و بارى تەندروستى تاڕادەیەک جێگیرە”.
ئەو گوتەبێژە ئاماژەی بەوە داوە، کە ئەو ژن و پیاوە، پێشتریش کێشەى کۆمەڵایەتیان هەبووە و ژنەکە سکاڵاى تۆمار کردووە و لە ئێستادا پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ ڕووداوە کراوەتەوە و هێشتا پیاوەکە دەستگیر نەکراوە و لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە بەردەوامە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، ژنەکە تەمەنی 37 ساڵە و هاوسەرەکەشى پێشمەرگەیە.