نوچەنێت
مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگه‌یاند، هه‌لومه‌رجه‌كه لێمان ده‌خوازێ یه‌ك گوتار و یه‌كگرتوو بین و جگه له سه‌ربه‌خۆیی بژارده‌یه‌كی ترمان بۆ مانه‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تی عیراقدا نه‌ماوه.ۆح
ئه‌مڕۆ مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی نه‌ورۆز و سه‌ری ساڵی كوردییه‌وه په‌یامێكی راگه‌یاند و تیایدات هاتووه “هه‌لومه‌رجه ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تییه پڕ له ده‌رفه‌ت و تهحهدییاتهكان له هه‌مووان ده‌خوازێ گوتاری سیاسی و په‌یوه‌ندییه ناوخۆیی و ئیقلیمی و عیراقییهكانمان له‌به‌ر رۆشنایی راده‌ی دوور و نزیكی ئه‌و ناوه‌ندانه له سه‌ربه‌خۆییمان دابڕێژێنه‌وه و رێك بخه‌ینه‌وه”.
له په‌یامه‌كه‌دا مه‌كته‌بی سیاسی پارتی جه‌ختی له‌وه كردووه‌ته‌وه، كه “جگه له سه‌ربه‌خۆیی بژارده‌یه‌كی ترمان بۆ مانه‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تی عیراقدا نه‌ماوه و پێویسته ده‌رفه‌تێك بۆ داخ له دڵان نه‌هێڵینه‌وه كه ئیدیعای ئه‌وه بكه‌ن حزبه‌كانی كوردستان دوو قسه و چه‌ند به‌ره‌ن و كورد جیابوونه‌وه‌ی له به‌غدا ناوێ”.
ئه‌مه‌ش ده‌قی په‌یامه‌كه‌یه:
ده‌قی په‌یامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان به بۆنه‌ی ساڵی نوێی كوردی و هاتنه‌وه‌ی نه‌ورۆز
گه‌لی سه‌ربه‌خۆییخوازی كوردستان…
به‌بۆنه‌ی ساڵی نوێی كوردی و هاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆزه‌وه پیرۆزبایی خۆمان و سه‌رجه‌م كادیر و ئه‌ندامانی پارتیمانتان لێده‌كه‌ین و ئومێده‌وارین ئه‌م دوو یاده نه‌ته‌وه‌ییه بكه‌ینه وه‌رچه‌رخانی به‌دیهێنانی ئاواتی مه‌زنی گه‌له‌كه‌مان له سه‌ربه‌خۆیی نیشتمان و پته‌وكردنی هه‌موو ئه‌و بنه‌مایانه‌ی پێكه‌وه‌ژیان و پێشكه‌وتنیان له‌سه‌ر دامه‌زراوه و ستوونه‌كانی ژیانی سیاسی دیموكراتانه و هاوچه‌رخانه پایه‌دار ده‌كه‌ن.
گه‌لی كوردستانی قاره‌مان قۆناغی زۆری له‌م رێگه بڕیوه و به‌خشش و قوربانی زۆروزه‌وه‌ندی له‌پێناو گه‌یشتن به‌و ئامانجانه پێشكه‌ش كردووه. ئێستا پێویستی به‌وه‌یه كه حزبه سیاسییه‌كان و سه‌رجه‌م ناوه‌نده‌كانی چالاكی سیاسی و مه‌ده‌نی و مێدیایی له ده‌وری ئیراده‌ی سه‌ربه‌خۆییخوازی كۆ ببنه‌وه و، له‌و پێناوه‌دا خۆ ساز دهن و ریزه‌كانیان له سه‌نگه‌ری سه‌ربه‌خۆییدا رێك بخه‌نه‌وه.
په‌یامی سه‌رۆك بارزانی و نه‌خشه‌ڕێیه پێشنیاركراوه‌كه‌ی بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه ناوخۆییه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته بوون، تا ببێته سه‌ره‌تا بۆ ده‌ستپێكی قۆناغی راگه‌یاندنی سه‌ربه‌خۆیی و كاركردنی هه‌مه‌لایه‌نه له‌سه‌ر ئاستی عێراق و ناوچه‌كه و كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی بۆ دروستكردنی باشترین پردی په‌یوه‌ندی، كه له‌سه‌ر پایه‌كانی دۆستایه‌تی و به‌رژه‌وه‌ندیی هاوبه‌ش و ئاشتی و هاوكاری له‌پێناوی گه‌شه‌كردن دامه‌زرابێ.
نه‌ورۆز هێمای به‌رخودان و شۆڕشی كورده له دژی سته‌م و چه‌وسانه‌وه و به‌رجه‌سته‌بوونی ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌یه له 2717 ساڵ له‌مه‌وبه‌ره‌وه تا هه‌نووكه، بۆیه له‌م هه‌لومه‌رجه رهخساوهدا كه قاره‌مانێتی و قوربانیدانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژی تیرۆر و توانا و به‌خشنده‌یی گه‌له‌كه‌مان له حه‌واندنه‌وه و پاراستنی نزیكه‌ی دوو ملیۆن ئاواره‌ی جه‌نگی تایفیی نه‌گریس هێناویانه‌ته ئاراوه و، پشتیوانیی كۆمه‌ڵگای نێوده‌وڵه‌تی و ده‌نگی ئازادیخوازانی جیهانیان مسۆگه‌ر كردووه، كاتی ئه‌وه‌یه ناوماڵی كوردستانی له هه‌رێمی كوردستان رێك بخه‌ینه‌وه و ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌ی كوردیش له پارچه‌كانی دیكه‌ی نیشتمانی دابهشكراومان ببنه پشتیوان و هاوكارمان له تێپه‌ڕاندنی دواقۆناغی سه‌ختی به‌ر له سه‌ربه‌خۆیی، چونكه سه‌ربه‌خۆیی ئه‌م پارچه‌یه‌ی كوردستان ده‌بێته چه‌قی قورسی ره‌وایه‌تیی دۆزی كورد له ناوچه‌كه‌دا و، سه‌لمێنه‌ری ئه‌و راستییه‌ی كه گه‌لی كوردستان ئاشتیخواز و جه‌مسه‌ری به یهكترگهیشتن و پارێزه‌ری به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانه له ناوچه‌كه‌دا. بۆیه به پێویستی ده‌زانین حزب و لایه‌نه سیاسییه‌كانی پارچه‌كانی دیكه‌ی كوردستان رێز له سه‌روه‌ریی هه‌رێمی كوردستان و یاسا و رێساكانی بگرن و نه‌بنه مایه‌ی كێشه دروستكردن له ناوخۆمان و ناوچه‌كه‌شدا.
پێشوازیكردنمان له ساڵی نوێ و یادكردنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له كاتێكدایه كه گه‌لی كوردستان و دۆزی نه‌ته‌وه‌ییمان به هه‌لومه‌رجێكی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی پڕ له ده‌رفه‌ت و تهحهدییاتدا تێده‌په‌ڕێ و، دووڕێیانی ستراتیژی و چاره‌نووس له رێیدایه. ئه‌مه‌ش له هه‌موومان ده‌خوازێ گوتاری سیاسی و په‌یوه‌ندییه ناوخۆیی و ئیقلیمی و عێراقییه‌كانمان له‌به‌ر رۆشنایی راده‌ی دوور و نزیكی ئه‌و ناوه‌ندانه له سه‌ربه‌خۆییمان دابڕێژینه‌وه و رێك بخه‌ینه‌وه.
دۆخی به‌رده‌وام گۆڕاوی ناوچه‌كه لێمان ده‌خوازێ، گوتاری هاوبه‌ش و ئامانجی هاوبه‌ش و هه‌نگاوی كرده‌نی هاوبه‌شمان هه‌بێ بۆ ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌ته‌كان بچه‌سپێنین و به‌هێزیان بكه‌ین، مه‌ترسی و تهحهدییهكانیش دوور بخه‌ینه‌وه.
گه‌لی دلێری كوردستان…
پێشمه‌رگه قاره‌مانه‌كان…
خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان…
گه‌رچی داعشمان تێك‌شكاند و خاكی نیشتمانه ئازیزه‌كه‌مان ئازاد كرد، به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی مه‌یلی دیكتاتۆری و قۆرخكردنی ده‌سه‌ڵات و سامان و توندڕۆیی مه‌زهه‌بی و تائیفی و هه‌وڵی پاوانخوازی و هه‌ژموونگه‌رایی له ناوچه‌كه به گشتی و له‌سه‌ر سنووره‌كانی كوردستان به‌تایبه‌تی بمێنن، مه‌ترسیی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر له ره‌نگ و به‌رگی تردا ده‌مێنێ. بۆیه پێویسته هه‌میشه له ئاماده‌باشیی سیاسی و پێشمه‌رگایه‌تیدا بین بۆ رووبه‌ڕووبوونه‌وه و پاراستنی خاك و گه‌ل و ده‌ستكه‌وت و سه‌قامگیری و به‌هاكانمان. ئه‌مه‌ش ته‌نیا له قه‌واره‌ی سه‌ربه‌خۆماندا دێته دی.
سه‌ره‌ڕای هه‌نگاوی ئه‌رێنیمان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانمان له‌گه‌ڵ به‌غدا به‌تایبه‌تیش بۆ ره‌وانه‌كردنی بودجه‌ی چه‌ند ساڵه‌ی هه‌رێم و، ناردنه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و شایسته دارایی و سه‌ربازییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه و پابه‌ندبوون به ده‌ستوور و جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140 و رێككه‌وتنه‌كانی نێوانمان سه‌باره‌ت به نه‌وت و گاز، به‌ڵام تاكو ئێستا هیچی ئه‌وتۆمان له به‌غداوه نه‌بینیوه كه كه‌مترین تروسكاییان تێدا بێ . بۆیه جگه له سه‌ربه‌خۆیی بژارده‌یه‌كی ترمان بۆ مانه‌وه له‌ناو ده‌وڵه‌تی عێراقدا نه‌ماوه و هه‌نگاوی داهاتوومان ئه‌وه‌یه كه به دیالۆگ و وتووێژی دۆستانه بنه‌ماكانی دوو دراوسێی باش دابڕ‌ێژین. له‌مه‌یشدا پێویسته ده‌رفه‌تێك بۆ داخ له دڵان نه‌هێڵینه‌وه كه ئیدیعای ئه‌وه بكه‌ن حزبه‌كانی كوردستان دوو قسه و چه‌ند به‌ره‌ن و كورد جیابوونه‌وه‌ی له به‌غدا ناوێ.
پێویسته به‌رژه‌وه‌ندیی گه‌لی كوردستان و وه‌فامان بۆ شه‌هیدان و قوربانیانی ئه‌نفال و كیمیابارانكردن و رێبوارانی رێی ئازادی و رۆڵه نه‌به‌رده‌كانمان له شۆڕش و بزووتنه‌وه‌ی نیشتیمانیماندا، بخه‌ینه سه‌رووی عه‌قلییه‌تی ته‌سكی حزبایه‌تی و ده‌ستكه‌وتی كاتی و كۆنه‌قین و، هه‌موومان له ده‌وری ئیراده‌ی راسته‌قینه‌ی گه‌له‌كه‌مان كۆ بینه‌وه كه له 2717 ساڵی رابردوودا ئازادیخواز بووه و ئێستایش هه‌ر ئه‌وه‌یه ئیراده‌ی راسته‌قینه‌مان.
جارێكی دیكه ساڵی نوێ و نه‌ورۆزتان لێ پیرۆز ده‌كه‌ین و سه‌ری رێز و نه‌وازش بۆ شه‌هیدانی گه‌له‌كه‌مان داده‌نه‌وێنین و له ئاستی قوربانی ئه‌وان و خۆڕاگری خانه‌واده‌كانیان، خۆمان به قه‌رزار ده‌زانین و ته‌نیا سه‌ربه‌خۆییی كوردستان دیاری و پادداشتی شایسته‌ی ئه‌وانه.
هه‌ر له‌م بۆنه‌یه‌دا پیرۆزبایی گه‌رم و تایبه‌تمان بۆ جه‌ماوه‌ری خۆڕاگر و نیشتیمانپه‌روه‌ری دڵی كوردستان، كه‌ركووكی سه‌ربه‌رز ده‌نێرین، كه سه‌ركه‌وتنی راپه‌ڕین و ئازادی ئه‌و شاره گرینگ و مێژووییه‌ی كوردستان له(21ی ئاداری 1991)دا هاوكات بوو له‌گه‌ڵ سه‌ری ساڵی نوێی كوردی و جه‌ژنی نه‌ورۆزمان. دووپاتیشی ده‌كه‌ینه‌وه كه كه‌ركووك كوردستانییه و سه‌ربه‌خۆییی كوردستانیش به سه‌ربه‌خۆییی كه‌ركووكه‌وه گه‌شاوه و به‌هاداره و، خه‌باتیشمان له‌و پێناوه‌دا درێژه‌پێده‌ری ستراتیژی بارزانیی نه‌مره و هه‌رگیزاو هه‌رگیز كوردستانێتیی كه‌ركووك بابه‌تی سازش و ده‌ستلێهه‌ڵگرتن نییه.
ئیراده‌ی ئازادیخوازانه‌ی گه‌له‌كه‌مان سه‌ركه‌وتووه..
ئاڵای كوردستان هه‌ر شه‌كاوه‌یه…
مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
2017-3-20