محەمەد هاودیانی: له‌سه‌ر بنه‌ماى هه‌ژارى پێداچوونه‌وه‌ به‌ موچه‌ى چاودێری خێزان دەکرێت

0

نوچەنێت: تایبەت

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم رایدەگەیەنێت، لە چوارچێوەی هێڵی هەژاری چاو خشاندنەوە دەکرێت بە هەموو ئەو کەسانەی، کە سودمەندن لە چاودێری خێزاندا، بەمەبەستی گەیاندنی یارمەتیەکانە بە خەڵکی موستەحەق و هەژار.

ئەو بنەمایەی موچەی چاودێری خێزانی لە رابڕدوودا پێدراوە، تەنها حاڵەتەكانی لەبەرچاو گرتووە، نەك هێڵی هەژاری، بۆیە تێیدایە بژێوی ژیانی باشبووە، بەڵام بڕی (150) هەزار دینار، موچەی چاودێری خێزانیان وەرگرتووە، بە بڕوای خەڵک ئەمەش نادادپەروەرییە. لە ئێستاشدا وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی حكومەتی هەرێم، بەنیازە لەسەر بنەمای هێڵی هەژاری، چاوخشاندنەوە بە لیستی موچەخۆرانی چاودێری خێزاندا بكات.

لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، محەمەد هاودیانی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی پڕۆژەکەیان بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ موچه‌ى چاودێری خێزان لە وەزارەتەکەیان رایگەیاند: ئەم پڕۆژەیە بۆ چاکسازی کردنە لە لیستی ناوەکان لە چاودێری خێزان و گەیاندنی یارمەتیەکانە بە خەڵکی موستەحەق و هەژار. بۆ ئەوە مەبەستەش لەگەڵ بانکینێودەوڵەتی، سیاسەتی پاراستنی کۆمەڵایەتیمان داناوە، کە هەشت ستراتیژیەت لەخۆ دەگرێت، یەکێك لەو ستراتیژیەتانە ئەوەیە، کە ئێمە چۆن بتوانین دەستنیشانی ئەو خەڵکانە بکەین، کە موستەحەقی ئەوەن، کە حکومەت قەرەبوویان بکات و یارمەتیان بدات، ئەمەش بەپێوەری دیاریکردنی هێڵی هەژاری دەبێت، کە پێوەرێکی جیهانییە.

محەمەد هاودیانی روونیشیکردەوە، کە لە چوارچێوەی هێڵی هەژاری دەبێت چاوخشاندنەوە بکرێتەوە بە هەموو ئەو کەسانەی، کە سودمەندن لە چاودێری خێزاندا، گوتیشی” وەزارەتەکەمان بەو پێوەرەدا دەڕوات و لە ئێستاشدا ئێمە تێستێکمان لەسەر قەزایەك وەرگرتووە، لە کۆتایی ئەم مانگە کۆتایی پێدێت، دوای تەواو بوونیشی راستەوخۆ لەسەر هەموو کوردستاندا دەست پێدەکەین”.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی هەرێم دەشڵێت “لە ماوەی رابردوو کۆمەڵێك توێژەری کۆمەڵایەتیمان راهێنان پێکردووە، بۆ چۆنیەتی جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە و دوای ئەوەی، کە پڕۆژەکەمان کرد بە سەرتاسەری، کۆمەڵێك توێژەری دیکە راهێنان پێدەکەین، بە هاوکاری لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتی”.

 هاودیانی راشیگەیاند “دوای تەواوکردنی کارەکانی پڕۆژەکە، راستەوخۆ بە فۆڕمی تایبەت و بەسەردانکردنی ئەو ماڵانەی، لای ئێمە ناونووسکراون وەکو چاودێری خێزان، بە لێکۆڵینەوە و دیاری کردنی هێڵی هەژاری دەست بە پڕۆژەکە دەکەین”.

Share.

About Author

بوچون نوسین داخراوە.

Social Media Auto Publish Powered By : XYZScripts.com