نوچەنێت
پۆلیسی دهۆک دەربارەى گرتە ڤیدیۆیەکی ژن و مێردێک، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، رایگەیاند، لە دواى ئەوەى ئەو ژنە سکاڵاى لەسەر هاوسەر و براى هاوسەرەکەى تۆمارکردووە دەستگیرکراون و لە ئێستادا بە پێی بڕیارى دادگا دەستبەسەرکراون.
بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی ژن و پیاوێک، کە تێیدا پیاوەکە ئازاری دەروونی ژنەکەی دەدات و بەرامبەر کامێرای مۆبایلی براکەی قسەدەکات و دەڵێ “حەوت جار چوومەتە لای هاوژینەکەم و خوێنم نەبینیوە (بەو واتایەی کچ نەبووە). دەنگدانەوەیەکی زۆری لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لێکەوتەوە، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنانیش لەمبارەوە روونکردنەوە دەدات.
موقەدەم ئارام محەممەد، بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە دهۆك، بە (رووداو)ی راگەیاند “ئەو گرتە ڤیدیۆیە لە سنووری قەزای زاخۆ تۆمارکراوە، هی زیاتر لە هەشت مانگ لەمەوبەرە. كێشەی ئەو ژن و پیاوە لە دادگا یەكلاییبووەتەوە و لەسەر بڵاوكردنەوەی ئەو ڤیدیۆیەش پیاوەكە و برای پیاوەكە بە ساڵێك زیندانی سزادراون”.
بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژی دژی ژنان لە دهۆك، جەختی لەوەش كردەوە، ئەو كەیسە لە دادگا یەكلاییبووەتەوە. لەبارەی چارەنووسی ژنەكەش گوتی “ژنەكە بۆ ماوەیەك لەلای ئێمە مایەوە، بەڵام دوای ئەوەی مەترسی لەسەر ژیانی نەما، ئێستا لەلای ماڵی باوكی بەئاسوودەیی و دوور لە كێشە دەژی”.