نەوزاد عەلی چوچانی
پێنج لایەنە سەرەکیەکەی باشوری کوردستان، یەکدەنگن لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم لەکات و ساتی خۆیدا، هەروەها بەکلیلی چارەسەری قەیرانەکانی هەرێمیدەزانن، لەسەر کاراکردنەوەی پەرلەمانیش پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پارتی مەرجی هەیەو دەڵێت “نابێت جارێکیتر سەرۆکایەتی پەرلەمان رادەستی گۆڕان بکرێت، ئەگەر یەکێتی یان یەکگرتوو دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت، ئێمە ئامادەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان”.
رۆژی دووشەممە 6-3-2017 حكومەتی هەرێمی كوردستان بودجەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستانی پەسندكرد، كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانیش دەڵێت، دەبێ لە رۆژی 6-11-2017 هەڵبژاردن بكرێت.
پارتی دیموکراتی کوردستنان
لە لێدوانێکی تایبەت بە نوچەنێت، عەلی عەونی ئەندامی سەکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: ئێمە ئامادەین هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت، ئەو پرسەش لەناو حکومەت و حزبیشدا گفتوگۆی لەبارەوە دەکەین.
عەلی عەونی دەڵێت “ئێمە لەگەڵ کاراکردنەوەی پەرلەمانین، پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بە مەرجێك سەرۆکایەتی پەرلەمان جارێکی تر رادەستی گۆڕان نەکرێت، ئەگەر یەکێتی یان یەکگرتوو دەیەوێت ئەو پۆستە وەربگرێت، ئێمە ئامادەین بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمان”.
بزووتنەوەی گۆڕان
قارەمان قادر، ئەندام پەرلەمانی کوردستان، لەفراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان، لەبارە ئەنجامدانی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم رایگەیاند: لەهەموو حاڵەتەکان باشترین دەرفەت ئەوەیە، کە لایەنە سیاسیەکان رێكبکەون لەسەر دەستبەکاربوونەوەی پەرلەمان لەسەر کارەکانی خۆی و پێویستە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بکرێت.
قارەمان قادر،بەپێویستی دەزانێت پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن، پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە.
یەکێتی نیشتمانی
لەتیف نێروەیی، گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی نیشتمانی کوردستان، لەبارەی ئەنجامدانی هەڵبژادنی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکایەتی هەرێم بە نوچەنێت-ی راگەیاند: پێشتر یەکێتی لەکاتی بەبنبەست گەیشتنی کێشەکان، پێشنیاریکردبوو هەڵبژاردنی پێشوەختیش بکرێت، ئەگەر لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن، ئەمەش نیشانەی ئەوەیە، کە یەکێتی دەیەوێت هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا بکرێت و دەشڵێت “یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە پەرلەمان کرابکرێتەوە”.
گوتەبێژی ئەنجومەنی ناوەندی یەکێتی گوتیشی “لەوانەیە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا، ئەو کێشانەی، کەئێستا بەبنبەست گەیشتوون، بە شێوازێکی دیکە چارەسەربکرێت”.
یەکگرتووی ئیسلامی
كهژاڵ هادى فەقێ، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی لە پەرلەمانی کوردستان لەسەر هەمان پرس بە نوچەنێت-ی رایگەیاند، ئێمە لەگەڵ ئەوەداین، هەڵبژاردنەکان لەکاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی دیموکراسی لە هەرێمەکەمان لەکەدار نەبێت، هەروەها بەلاشمانەوە گرنگە رێککەوتنی لایەنە سیاسیەکانی لەگەڵ دابێت، بۆ ئەوەی هەموومان بەئەنجامەکەی رازیبین.
کەژاڵ هادی ئەگەر لایەنە سیاسیەکان لەو ماوەیەدا نەگەنە هیچ رێککەوتن و سازانێك، باشترین رێگەچارە پڕۆسەی هەڵبژاردنە لەکاتی خۆیدا”.
ئەو پەرلەمانتارەی یەکگرتوو جەخت لەوە دەکاتە، کە حزبەکەی کاراکردنەوەی پەرلەمانی زۆر بەلاوە گرینگە و لەماوەی رابردوویشدا هەموو هەوڵ و تێکۆشانێکیان بەو ئاراستەیە بووە، کە دەبێت پەرلەمان کارابکرێتەوە و دەڵێت “ئێمە سەرەتا کاراکردنەوەی پەرلەمانمان پێ گرینگترە لە هەموو کارەکانی دیکە”.
کۆمەڵی ئیسلامی
شوان رابەر بڕیاردەری سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی کوردستان، بەنوچەنێت-ی گوت: پێویستە هەڵبژاردنەکانی هەرێم لەکاتی خۆیاندا ئەنجامبدرێت، بۆ ئەوەی پڕۆسەی سیاسی و دیموکراسی لە هەرێمی کوردستان کێشەی تێنەکەوێت و لەکەدار نەبێت، بە مەرجێك هەڵبژاردنەکان بە بێ فشار، خیانەت، رێگری، دەستدرێژی، قۆرخکاری، یەکتر بێبەشکردن و کێشەبن.
بڕیاردەرەکەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامی بە پێویستی دەزانێت، هەرچی زووە پەرلەمان پێش ئەنجامدانی هەڵبژاردن کارابکرێتەوە، بۆ ئەوەی رۆڵی یاسایی خۆی ببینێت و ببێتە مایەیی چاککردنەوەی نێوان لایەنەکانیش، لەهەمان کاتدا بڕیار لەسەر کات و جۆری هەڵبژاردنەکان بدات.
شوان رابەر دەشڵێت “پێویستە بابەتەکان لەپەرلەمان و لە نێوان لایەنەکان بە رێککەوتن و بە سازان بێت، بۆ ئەوەی کۆتایی بە کێشەکانی هەرێم بێت و پێکەوە کێشەکان چارەسەر بکەین و رووبەڕووی کۆسپ و تەگەرەکان ببینەوە و تەحەمولی بەرپرسیارێت بکەین”.