تایبه‌ت: نوچه‌نێت
په‌رله‌مانتارێكی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان له په‌رله‌مانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، حه‌یده‌ر عه‌بادی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ده‌كات، ئه‌گه‌ر ده‌ست بۆ بڕینی به‌شه ده‌رمانی هه‌ریم ببات و ده‌شڵێت “هه‌ڵویستمان ده‌بێت”.
له چه‌ند رۆژی رابردوودا وه‌زیری ته‌ندروستی عێراق، به نوسراوێك داوای له حه‌یده‌ر عه‌بادی، سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق كردبوو، كه ناردنی به‌شه ده‌رمانی هه‌ریمی كوردستان رابگرێت، به‌و پێیه‌ی هه‌رێم نه‌وت ناداته عێراق و نه‌وت بۆ خۆی ده‌فرۆشێت، ئه‌مه‌ش كاردانه‌وه‌ی به‌شێك له په‌رله‌مانتاره كورده‌كانی لێ كه‌وته‌وه و فراكسیۆنی پارتی لەم بارەیەوە رایگه‌یاندبوو “ئه‌م بڕیاره قبووڵ ناكه‌ین”.
له لێدوانێكی تایبه‌ت به نوچه‌نێت، د.ئه‌مین به‌كر، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، له‌باره‌ی كاردانه‌وه و هه‌ڵویستی فراكسیۆنه كوردییه‌كانی به‌غدا ده‌رباره‌ی بڕینی به‌شه ده‌رمانی هه‌ریم رایگه‌یاند: حكومه‌تی عێراق له دوو ساڵی رابردووش‌دا هه‌وڵی زۆری داوه بۆ راگرتنی ناردنی ده‌رمان و پێداویستی ته‌ندروستی بۆ هه‌ریم، به‌ڵام ئه‌وكات له ژێر گوشاری دۆسته‌كانی كورد له به‌غدا و نوێنه‌رانی كورد، ئه‌وه‌ی بۆ نه‌چووه سه‌ر، به‌لام ئیستا گوێ به گوشاره‌كانیش نادات.
ئه‌مین به‌كر روونی ده‌كاته‌وه، عه‌بادی و حكومه‌ته‌كه‌ی بێ ئومید بوون لە كۆنتڕۆڵی نه‌وتی هه‌ریمیان بیته‌وه ده‌ست، بۆیه په‌نا بۆ ئه‌م جۆره كارانه ده‌به‌ن و ده‌شڵێت “وه‌ك لایه‌نه كوردییه‌كان به توندی ره‌تی ده‌كه‌ینه‌وه”.
ئەو پەرلەمانتارە ده‌شڵێت، مه‌ترسیمان هه‌یه عێراق ته‌واوی بودجه‌ی حاكیمه‌ی پشكی هه‌رێم ببڕێت، وه‌ك به‌شه‌خۆراكی مانگانه و پاره‌ی جوتیاران و …هتد، كه له ده‌رمانه‌وه ده‌ستی پی كردووه.
ئه‌مین به‌كر جه‌خت له‌وه‌ش ده‌كاته‌وه، کە وه‌ك فراكسیۆنه كوردییه‌كان ئه‌م هه‌نگاوه به ته‌واوی ره‌تده‌كه‌ینه‌وه و پێمان وایه، عه‌بادی هه‌ڵه‌یه‌كی كوشنده ده‌كات، ئه‌گه‌ر له‌م هه‌نگاوانه‌ی به‌رده‌وام بێت.