نوچه‌نێت- شه‌فه‌ق نیوز
سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، رۆژی سێشه‌ممه گوتی، رێكخراوی داعش هه‌وڵیداوه پێكه‌وه ژیانی ئاشتیانه‌ی نێوان پێكهاته و ئایین و تایه‌فه جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بكاته ئامانج و دۆخه‌كه بشێوێنێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كانی شكستیان هێنا.
نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌میانه‌ی گوته‌یه‌كیدا، كه له‌كاتی كردنه‌وه‌ی پڕۆژه‌ی ئاوی پارێزگای دهۆك پێشكه‌شی كرد، گوتی “ژماره‌ی قوربانیانی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له شه‌ڕی دژی داعشدا گه‌یشتوه‌ته 1700 شه‌هید و 10 هه‌زار بریندار”. جه‌ختیشی كرده‌وه كه “ئه‌و قوربانیانه بۆ پاراستنی خاكی كوردستان خۆیان فیدا كرد، ئێمه‌ش جگه له‌وه‌ی سه‌ری رێزیان بۆ دانه‌وێنین هیچی دیكه‌مان پێناكرێت”.
هه‌روه‌ها گوتی، له هه‌رێمی كوردستان زیاتر له 2 ملیۆن ئاواره‌ی عێراق هه‌یه، له‌و شوێنانه هه‌ڵاتوون، كه داعش داگیری كردوون و هه‌روه‌ها له ترسی شه‌ڕی تایفه‌گه‌ری نێوان سوننه و شیعه شوێنه‌كانی خۆیان به‌جێهێشتوه. ئاماژه‌شی به‌وه كرد، كه 800 هه‌زاریان له دهۆكن، ئه‌م پارێزگایه قوربانی به خوێندنی رۆڵه‌كانی دا، بۆ دابین كردنی شوێن بۆ ئه‌و ئاوارانه له ناو قوتابخانه‌كاندا.