نوچەنێت
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به روداوه‌كانی ئه‌مڕۆ-ی كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆر-ی سه‌ربه قه‌زای شنگال روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكردووه‌ته‌وه و رایگه‌یاندووه: په‌كه‌كه به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو سووره له‌سه‌ر نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه، داوای لێ ده‌كه‌ین ژیرانه مامه‌ڵه بكات.
له رونكردنه‌وه‌كه‌یدا، وه‌زاره‌تی ناوخۆ رایگه‌یاندووه، كه په‌كه‌كه به‌رده‌وام خه‌ریكی ئیستفزازكردنی هێزه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ به‌ریه‌ككه‌وتنێك رووبدات! ئه‌مڕۆش ویستیان هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه فه‌رمییه‌كانی حكومه‌ت له ناوچه‌ی خانه‌سۆر، به‌ڵام پۆلیسی مه‌ده‌نی هه‌وڵی دا كۆنتڕۆڵی دۆخه‌كه بكات و رووبه‌ڕووبوونه‌وه روونه‌دات.
ده‌قی رونكردنه‌وه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆوه ده‌رباره‌ی روداوه‌كانی خانه‌سۆر:
ده‌رباره‌ی ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆی كۆمه‌ڵگه‌ی خانه‌سۆری سه‌ر به ناحیه‌ی سنوون له سنووری شه‌نگال، ڕای گشتیی كوردستان و ده‌ره‌وه ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه كه:
1- PKK به شێوه‌یه‌كی به‌رنامه بۆ داڕێژراو سووره له‌سه‌ر نانه‌وه‌ی پشێوی و ئاڵۆزی له ناوچه‌كه. به‌رده‌وام له‌وێ خه‌ریكی ئیستفزازكردنی هێزه‌كانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستانه و به هه‌موو شێوه‌یه‌ك ده‌یه‌وێ به‌ریه‌ككه‌وتنێك ڕووبدات!
2- بۆ ئه‌م مه‌به‌سته چه‌ند ڕۆژێكه له ناوچه‌كانی حه‌سه‌كه و دێرك و ناوچه‌كانی دیكه‌ی كوردستانی سووریاوه خه‌ڵك و هێزی چه‌كدار ده‌هێنێته سنووری شه‌نگال و ڕۆژانه كێشه و پشێوی دروست ده‌كات.
3- هه‌ر له‌م چوارچێوه‌یه‌دا ئه‌مڕۆ ویستیان هێرش بكه‌نه سه‌ر هێزه فه‌رمییه‌كانی حكوومه‌ت له ناوچه‌ی خانه‌سۆر، به‌ڵام پۆلیسی مه‌ده‌نی هه‌وڵی دا كۆنترۆڵی دۆخه‌كه بكات و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه ڕوونه‌دات.
4- دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه له ڕووداوه‌كانی ئه‌مڕۆدا هه‌رچی ڕوویدابێت، به ده‌ستی خۆیان بووه و پۆلیسی مه‌ده‌نی كه چه‌ندینیان به‌ركه‌وتوون، به هیچ شێوه‌یه‌ك به‌رپرس نیه. ته‌نیاPKKبه‌رپرسه كه به ئه‌نقه‌ست ده‌یه‌وێت هه‌ندێ له برا ئێزدییه‌كان بكاته ئامێری پیلانێكی قێزه‌وه‌ن.
5- دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هیچ شێوه‌یه‌ك نایه‌وێت ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه و به‌یه‌ككه‌وتن ڕووبدات و داوا له PKK ده‌كه‌ین ژیرانه مامه‌ڵه بكات.
وه‌زاره‌تی ناوخۆی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
14-3-2017