نوچەنێت
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان رایدەگەیەنێت، كە پێویستە پەكەكە لە شنگال بكشێتەوە و نەبێتە هۆی دروستكردنی نا ئارامی.
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێوارهی ئهمڕۆ دوو شهمه 13/3/2017 لەمیانی پێشكەشكردنی گوتەیەك لە دهۆك رایگەیاند “ئەم دۆخە سیاسیەی لەهەرێم هەیە بە حەزوو ئارەزووی ئێمە نییەو ناخوازین بەردەوام بێت، بۆیە لەئێستادا سەرقاڵی دۆزیینەوەی رێگایەكین بۆ چارەسەركردنی كێشەكان”.
سەرۆكی حكومەت ئاماژە بەوە دەدات، کە لە ساڵ و نیوی رابردوودا ئەولەویەتی ئەوان شەڕی دژی داعش بوو نەك ئەو شەڕەی لە پەرلەمانی كوردستان دەستیپێكرد. هەروەها گەشبینی خۆشی پیشاندا بە چارەسەركردنی دۆخی سیاسی هەرێمی کوردستان.
سەبارەت بە ئاڵۆزییەكانی شنگال لەنێوان پێشمەرگەو پەكەكە نێچیرڤان بارزانی گوتی “كاتێك ئێمە چووینە كۆبانی یارمەتی یەپەگەماندا بۆ رزگاركردنی كۆبانیو ئەركی خۆمان جێبەجێ كرد و ئەوان گوتیان پێویستمان پێتان نەماوە، ئێمەش گوتمان بەسەرچاو دەگەڕێینەوە، بەڵام پێداگریمان نەكرد بۆ مانەوە لەكۆبانیو گوندەكانی دەوروبەری پێویستە پەكەكەش ئێستا هەمان كار بكات و لە شنگال بكشێتەوە”.
هەر لەسەر ئەو پرسە سەرۆكی حكومەتی هەرێم داوای لەپەكەكە كرد لە شنگال بكشێتەوە، چونكە مانەوەیان دەبێتە هۆی دروستكردنی نا ئارامی و رێگری لەبەردەم ئاوەدانكردنەوەی ئەو ناوچەیە.
نێچیرڤان بارزانی جەختیی لەوە كردوەتەوە، كە ئەوان نایانەوێت شەڕ لەگەڵ هیچ لایەنێك بكەن بە پەكەكەشەوە تەئكیدی كردەوە، كە شەڕیش بۆ كەس ناكەن، پەكەكە كاتی خۆی هاوكاری خەڵكی ناوچەكەی كردوە و ئێستاش كاتی ئەوەیە لەناوچەكە بچێتە دەرەوە.