نوچەنێت
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان رایدەگەیەنێت، پەکەکە باوەڕی بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە خەباتی خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆی دروستبوون.
ئەمە لە کاتێکدایە لە رۆژی 3-3-2017 لەنزیک کۆمەڵگەی خانەسۆر، کە دەکەوێتە باکووری شنگال، شەڕ لەنێوان پێشمەرگە و پەکەکە روویدا و بووە هۆی کوژرانی 7 شەڕڤان و برینداربوونی 22 دیکە، هەروەها برینداربوونی 4 پێشمەرگەی رۆژئاوا.
مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لەکاتی بەشداریکردنی لە دیداری “بارزانی نەمر هێمای ئازادی و پێکەوەژیان” گوتی، ئەوی لە شنگال، قەندیل، مەخموور و شوێنەکانی دیکە روویدا، جگە لە دروستکردنی کێشە بۆ هەرێمی کوردستان هیچی دیکە نەبوو”.
بەگوتەی گوتەبێژەکەی پارتی، پەکەکە باوەڕی بە دەوڵەتی نەتەوەیی نییە، بۆیە باشترین رێگا ئەوەیە خەباتی خۆیان بگوازنەوە بۆ ئەو شوێنەی بۆی دروستبوون. “واقیعی ئێرە واقیعێکی دیکەیە، هەرچەندە ئەم قسەیە ناخۆشە، بەڵام هەرچوار پارچە هەندێک تایبەتمەندییان بۆ دروستبووە و دەبێت لەبەرچاو بگیرێن، هەر پارچەیەک حیزبی خۆی هەیە، کەواتە خاوەنی خۆیشی هەیە. هاوکاری شتێکە و دەستتێوەردان و خۆبەخاوەنزانینیش شتێکی دیکەیە”.